رێباز: لەمساڵدا پلە بەرزکردنەوە دەردەچێت، ئەوەی مافی ھەبێت بۆی دەگێڕدرێتەوە

رێباز: لەمساڵدا پلە بەرزکردنەوە دەردەچێت، ئەوەی مافی ھەبێت  بۆی دەگێڕدرێتەوە
رێباز حەملان، وەزیری دارایی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لەمساڵدا پلەبەرزکردنەوەی (ترفیع)ی فەرمانبەران دەست پێ دەکرێتەوە.



بەپێی زانیارییەكان كە لە وەزارەتی داراییەوە دەست كەوتووه، دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی میلاکات لە وەزارەتی دارایی راپۆرتێکیان لەسەر پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران داوەتە وەزیری دارایی، وەزیری داراییش راپۆرتەکەی داوەتە ئەنجومەنی وەزیران.



بەپێی راپۆرتەکە، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی شایستەی پلە بەرزکردنەوەن، لەگەڵ بڕە پارەی پێویست دیاری کراوە، وەزارەتی دارایی داوای کردووە دووبارە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بکاتەوە.



حکوومەت ساڵی ٢٠١٥ بڕیاری دا پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران رابگیرێت، بەڵام لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیارەکە راگیرا و خرایە ساڵی ٢٠١٦، ئێستا تەنیا سەرمووچەی ساڵانە بۆ فەرمانبەران دەبەسترێت.



لەمبارەیەوە رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاند: «پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران بابەتێکی تەواو یاساییە و لە ئەمساڵدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو بابەتە چارەسەر دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران پێکھێنراوە».



بەپێی زانیارییەکان، قەبڵاندنی پارەی بەرزەمووچەی فەرمانبەران لە ساڵێکدا نزیکەی یەک ملیار دیناری پێویستە .



رێباز حەملان، ئەوەی خستە ڕوو گوتیشی:«لەمساڵدا پلە بەرزکردنەوە دەردەچێت، ئەوەی مافی ھەبێت بۆی دەگێڕدرێتەوە، بۆ ئەوەش چاوەڕوانی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین».



بەپێی ھەردوو یاسای ڕاژەی شارستانیی ژمارە ٢٤ی ساڵی ١٩٦٠ و یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٨، پلەبەرزکردنەوە وەک مافێکی فەرمانبەر جێگیر کراوە.



د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان رای گەیاند: «سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریکی پرۆژەیەکن بۆ دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، بەڵام وەکوو جاران نابێت، بەڵکوو ئەمجارە دەبێ لەسەر بنەمای کێبڕکێ بێت».



زیاتر گوتیشی: «مەرج نییە ئەوەی ماوەی یاسایی خۆی تەواو بکات پلەکەی بەرز بکرێتەوە، بەڵکوو دەبێ لەسەر بنەمای کێبڕکێ و ھەبوونی میلاک بێت».



بەپێی یاسا، بەرزکردنەوەی ناونیشان و مووچەی فەرمانەران لەنێوان ٤ ساڵ بۆ ٥ ساڵ جارێکە.




باسنیوز
Top