یەکێتیییەكان لەناوخۆیدا کێشەی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ھەیە

یەکێتیییەكان لەناوخۆیدا کێشەی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ھەیە
پەرلەمانتارانی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکەن، تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە ٣١-٣-٢٠١٩ ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، چونکە لە رووی یاساییەوە، نابێ بکەوێتە دوای ئەم مانگەوە. واش بڕیارە سبەی چوارشەممە، پارتی و یەکێتی دوا کۆبوونەوە لەسەر پێکھێنانی حکوومەت بکەن.



وا بڕیارە سبەی چوارشەممە، پارتی و یەکێتی بۆ جارێکی دیکە دانوستانەکانیان لەسەر پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان درێژە پێ بدەن، کە بەپێی زانیارییەکان، دانوستانی پێشتری ئەو دوو حزبە ئەرێنی بووە و ھەردوولا لە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، لە یەکتری نزیک بوونەتەوە، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەناوخۆیدا کێشەی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ھەیە.

بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەھۆی بارودۆخی ناوخۆی ئەو حزبەوە، نەتوانراوە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بکرێت، بەڵام دوێنێ دووشەممە، تەنیا مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆبووەتەوە و تاوتوێی ئەو پشکە پۆستانەی کردووە کە لەم کابینەیەدا بەر یەکێتی دەکەون.



لای خۆیەوە مەحموود محەمەد وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاندووە، ئەوەی ئێستا دەیانەوێت کاری لەسەر بکەن، کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم و دیاریکردنی سەرۆکی ھەرێم و ناوھێنان و راسپاردنی سەرۆکی کابینەی نۆیەمە، تا حکوومەت پێکبھێنێت.

ڕاشی گەیاندووە: "سەرۆکایەتیی ھەرێم کارا دەکرێتەوە و ناکرێت ھەر چاوەڕێ بین".

لەبارەی دوایین کۆبوونەوەشیان لەگەڵ یەکێتی، ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕاشکاوانە قسەیان کردووە و یەکێتیش پێویستی بەوە بووە کە بڕۆنەوە و لەسەر ئەو پێشنیاز و بۆچوونانەی لەنێوان ھەردوولا ھەبووە، لەناوخۆیاندا کۆ ببنەوە.

لای خۆشیانەوە، جەلال محەمەد ئەمین، پەرلەمانتاری گۆڕان لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر بێت و کۆبوونەوەی ٢٧ی ئەم مانگەی پارتی و یەکێتی ئەنجامی ئەرێنیی نەبێت و یەکێتی لە پرسی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان نەیەتە پێشەوە، کە بەھۆیەوە دەتوانرێ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەناو پەرلەمان ھەڵبژێدرێت و ئەوانیش کاندیدی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن کە پارتییە بۆ پێکھێنانی حکوومەت رابسپێرن، ئەوە لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی، کە پڕۆژەیان بۆ ھەمواری یاساکە ھەیە، پڕۆژەکانیان پێشکەش دەکەن.

گوتیشی: “بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکوو ١-٤، دەرفەتی پێشکەشکردنی پڕۆژە و پێشنیاز ھەیە، ئەگەر پڕۆژەکان بۆ پرسی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان پێشکەش نەکرێن، ئەوا پەرلەمان دەکەوێتە پشووی بەھارەوە و تاوەکوو مانگی ٩ی ئەمساڵ ناتوانرێ پڕۆژە پێشکەش بکرێت، کەوابێت پێکھێنانی حکوومەتیش دوا دەکەوێت، لەبەرئەوە تاوەکوو ئەو وادەیە چاوەڕوانی یەکێتی دەکرێت کە ئەوانیش لەسەر ئەو پرسە بێنە پێشەوە، ئەگەر نا لەگەڵ پارتی پڕۆژە بۆ ئەو پرسە پێشکەش دەکەین و نامانەوێ پێکھێنانی حکوومەت بۆ ئەو وادەیە دوا بکەوێت”.

ھاوکات، خەدیجە عومەر، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە کە بەر لە تەواوبوونی وادەی یاسایی، پڕۆژەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان دەکەن، گوتی: “ھیوادارین کۆبوونەوەی سبەی چوارشەممەی پارتی و یەکێتی ئەنجامی ھەبێت و بە ڕێککەوتن و تەوافق لەگەڵ ھەموو لایەنەکان، پڕۆژەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بکرێت”.

لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیش، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی فەرمیی یەکێتی، بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، کە کۆبوونەوەکانی رابردوویان لەگەڵ پارتی بەرھەمدار و ئەرێنی بوون.




باسنیوز
Top