وەحیدە یاقوو: دەستكاریی بەڵگەنامەی تاپۆی ژمارەیەكی زۆری خانوو و زەویی كریستیانەكان كراوە
وەحیدە یاقوو، پەرلەمانتاری پێشووی كریستیان لە پەرلەمانی كوردستان دهڵێت: "دوای ئازادكردنی مووسڵ لە تیرۆریستانی داعش، پڕۆسەی بەعەرەبكردنی ناوچە كریستیانەكان دەستی پێكردووە و لە ھەموو سنووری دەشتی نەینەوا زێدەڕۆیی كراوەتە سەر زەویوزاری ھاووڵاتیانی كریستیان و ھەرچی سەروەت و سامانیش ھەیە بەتاڵان بردراوە".
ئەو نوێنەرەی كریستیانەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێشتر زەوییەكی زۆری كریستیان لە ناوچەی دەشتی نەینەوا داگیر كرابوو، بەڵام ئێستا گرووپەكانی حەشدی شەعبی پیلانێكی دیكەشیان لە بەردەستە و خەریكی جێبەجێكردنین، ئەویش دابەشكردنی زەوییە لەو شارۆچكانەی كریستیاننشینن، وەك بەرتلە و حەمدانیە، كە بەسەر چەكدارانی عەرەبی نێو ریزەكانی حەشدی شەعبیدا زەوییەكان دابەش دەكەن و ئەوەش بووەتە ھۆی دڵگرانیی زۆری كریستیانەكان".
یاقوو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پڕۆسەی بەعەرەبكردن و بەشیعەكردنی ناوچەی دەشتی نەینەوا زۆر بە رێكخراوی بەڕێوە دەچێت، بە شێوەیەك ھەر ئەندامێكی حەشد زەویی كریستیانەكانی داگیر كردبێت، لە فەرمانگەی باری شارستانی شوێنی لەدایكبوون و نیشتەجێبوونی گۆڕدراوە، بۆ نموونە چەكداری حەشد هەیە لە ناوچەكانی خوارووی عێراقەوە ھاتووتە مووسڵ، بەڵام دەستكاریی بەڵگەنامەی باری شارستانیی ئەو چەكدارە كراوە و خراوەتە سەر دەشتی نەینەوا و مووسڵ".
یاقوو، زانیارییەكی دیكەشی ئاشكرا كرد لەبارەی داگیركردنی زەویی كریستیانەكان و دەڵێت: "ئێستا بۆمان دەركەوتووە لە فەرمانگەی تاپۆ دەستكاریی بەڵگەنامەی تاپۆی ژمارەیەكی زۆری خانوو و زەویی كریستیانەكان كراوە و موڵكەكانیان خراوەتە سەر ناوی خەڵكی دیكە، ئەوەش ستەمێكی گەورەیە لە ئێمە دەكرێت".
KDP-
