عەلی قادر: سەرقاڵی دامەزراندنی كارمەندین.. ٥٣ بنكەی دەنگدان ده‌كرێنه‌وه‌

عەلی قادر: سەرقاڵی دامەزراندنی كارمەندین.. ٥٣ بنكەی دەنگدان ده‌كرێنه‌وه‌
بنكەكانی بایۆمەتری لە ھەرێمی كوردستان دەست بە كار دەكەنەوە بۆ ئەو كەسانەی بایۆمەترییان نەكردووە، سەرۆكی فەرمانگەی پارێزگای ھەولێری كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراقیش دەڵێت، ھاووڵاتیان دەتوانن لە ١ی نیسانەوە سەردانی بنكەكانی تۆماركردنی بایۆمەتری بكەن.

سەرۆكی فەرمانگەی پارێزگای ھەولێری كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "چوار بنكەی بایۆمەتری لە پارێزگای ھەولێر بە ڕووی ھاووڵاتیاندا دەكرێنەوە، ئەمەش بۆ ئەوكەسانەیە كە لە ڕابردوودا تەمەنیان نەگەیشتووەتە ئەوەی بتوانن بەشداریی دەنگدان بكەن و بەشدارییان لە پڕۆسەی بایۆمەتریدا نەكردووە. عەلی قادر، گوتیشی: "ئەو ھاووڵاتیانە دەتوانن لە ١ی نیسانـەوە ھەركات ویستیان ناوی خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتریی كۆمسیۆن تۆمار بكەن."

قادر گوتیشی: "لە ئێستادا كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ـ فەرمانگەی ھەولێر، سەرقاڵی دامەزراندنی كارمەندەكانی كۆمسیۆنە، كە بۆ هەریەك لەو چوار بنكەیە سێ كارمەند دادەمەزرێنرێن."

سەرۆكی فەرمانگەی پارێزگای ھەولێری كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، دەشڵێ: "كۆی گشتیی بنكەكانی ناوتۆماركردن ٥٣ بنكەی دەنگدانن و لە ئێستاشدا ٤ بنكەی بایۆمەتری كارا كراونەتەوە، هەروەها بنكەكانی نێو پارێزگای ھەولێر، ھەر چواریان شوێنەكانیان دەكەوێتە سنووری جوگرافیی نێو شاری ھەولێر، كە لە نێو بینای پارێزگای ھەولێر، گەڕەكی نه‌ورۆز، گەڕەكی ڕووناكی و گەڕەكی سەروەران دەبێت."
KDP-
Top