روشدی: سێگوشەی سوننەنشین لە رەوشێكی خراپدایە.. ئاڵۆزییەكان كۆنتڕۆڵ نەكرێت پارێزگاكانی دیكەش دەگرێتەوە

روشدی: سێگوشەی سوننەنشین لە رەوشێكی خراپدایە.. ئاڵۆزییەكان كۆنتڕۆڵ نەكرێت پارێزگاكانی دیكەش دەگرێتەوە
عارف روشدی دەڵێ، مووسڵ لە كێشەیەكی گەورەدایە و مەترسی ھەیە ئاڵۆزییەكانی ئەو شارە بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق بگوازرێتەوە ده‌شڵێ، تا چارەسەری بنەڕەتییان بۆ نەبینرێتەوە، مووسڵ ئارامی بەخۆیەوە نابینێ.

عارف روشدی، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئێمە وەك پارتی و سەرۆك بارزانیش زۆر پەرۆشین بۆ رەوشی ئێستای مووسڵ و ئەو زۆڵمەی لە خەڵكەكەی دەكرێت،  لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی جگە لە گەیاندنی ھاوسۆزی، ھەموو ھاوكارییەك پێشكەش بە خەڵكی لێقەوماوی كارەساتەكەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو كرا و دەرگای ھەموو فەرمانگە پەیوەندارەكان واڵا كراوە بۆ بەھاناوەچوونیان".

راوێژكاری مەكتەبی سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "مووسڵ لە كێشەیەكی گەورەدایە و ئەگەر ئاوەدان نەكرێتەوە و خەڵكەكەی ھەست بە ئارامی نەكەن و خەڵكی خۆجێی مووسڵ ئیدارەی ناوچەی خۆیان نەكەن، مەترسی ھەیە ئاڵۆزییەكانی ئەو شارە بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق بگوازرێتەوە، سێگوشەی سوننەنشین لە رەوشێكی خراپدایە و تا چارەسەری بنەڕەتییان بۆ نەبینرێتەوە، ئارامی بەخۆیانەوە نابینن".

روشدی گوتیشی: "بۆچوونی سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە، كە دەستەڵاتێكی باشتر ھەبێت بۆ بەڕێوەبردنی ھەموو عێراق، چونكە تا میلشیا دەستەڵاتیان بەدەستەوە بێت، چاوەڕێی رەوشی باشتر ناكەین، ئێمە دەبینین چەندین ھێزی بیانی لە نێو مووسڵدا ھەن، كە مامەڵەیەكی زۆر خراپ لەگەڵ دانیشتووانیدا دەكرێت، ھەتا كار گەیشتووەتە ئەوەی بازرگانی بەدار و بەرد و خانوو و باڵاخانە روخاوەكانی مووسڵیشەوە دەكرێت".

ئەو هەروەها دەشڵێت: "چەندین خێزانی مووسڵ لە دوای شەڕی داعش ناچار بوونە بە ھۆی رەوشی خراپی ناوچەكانیان بەرەو ھەرێمی كوردستان ئاوارە ببن، ئەوە ھەموو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ناتوانن لە شوێنەكانیان بژین و رەوشەكە سەقامگیر نییە".
kdp-
Top