جێگری پێشووی پارێزگاری مووسڵ: لادانی من سیاسی بوو

جێگری پێشووی پارێزگاری مووسڵ: لادانی من سیاسی بوو
دوێنێ پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر لادانی پارێزگاری نەینەوا و ھەردوو جێگرەکەی دا. جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا کە کوردە پشتڕاستی کردەوە، بابەتی لادانەکەی لەوەوە ھاتووە ئەگەر متمانە لە پارێزگار وەرگیرابایەوە ئەوە بەپێی یاسا دەبووە پارێزگار و دەشڵێ: "تەحەدای ھەموو عێراق دەکەم یەک بەڵگەی گەندەڵی لەسەر من ھەبێت."

عەبدولقادر شنگالی، جێگری پێشووی پارێزگاری نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر لیژنەیەکی باڵا لەبارەی گەندەڵییەکانی مووسڵ پێک ھاتووە و ھەرکەسێک تێوە گلابێت ئەو تۆمەتبارە بە گەندەڵی نەک ھەموو ئیدارەی نەینەوا، ئەمە سێ مانگە دوو لیژنەی لێکۆڵینەوە وەرەقە بە وەرەقەی فەرمانگەکانی مووسڵ ھەڵدراوەتەوە، تا ئێستا یەک کەس نە ناوی ئێمەی ھێناوە وەک جێگری پارێزگار نە لێکۆڵینەوەش لەگەل ئێمەدا کراوە، چونکە دەسەڵاتی ئەوەمان نەبووە کار بکەین وەک پێویست، لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە ڕاپۆرتەکانیاندا ناوی تۆمەتبارانی گەندەڵیی ئاشکرا کردووە، لەبەر ئەوە پێویست بوو سەرۆکوەزیران لێپرسینەوە لەگەڵ ئەواندا بکات."

جێگری لەسەرکارلادراوی نەینەوا دەشڵێت: "لادانی من و جێگری دووەمی پارێزگار ھیچ گوناھێکمان نییە لە نەھامەتییەکانی مووسڵ، چونکە حەشدی شەعبی دەستی بەسەر جومگەکانی مووسڵدا گرتووە، من باوەڕ ناکەم لێکۆڵینەوەکان لەسەر گەندەڵیی مووسڵ ھیچ ئەنجامێکی ھەبێت، لەبەر ئەوەی حەشد ئیدارەی مووسڵ دەکات، لادانی دوو جێگری پارێزگاریش پێچەوانەی یاسایە."

شنگالی ڕوونی کردەوە: "زۆر کەس و لایەن نیگەرانییەکانی خەڵکی مووسڵیان بەدەرفەت زانی بۆ ئەوەی خۆیان دەرخەن و موزایەدەی پێوە بکەن، بەتایبەتی دوای کارەساتی پێنجشەممەی ڕابردوو، من خۆم وەک جێگری یەکەمی پارێزگار تەحەدای سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و پەرلەمانیش دەکەم یەک بەڵگە لەسەر من ھەبێت لەبارەی گەندەڵییەوە، تەنھا یەک کەسیش ناوی منی نەھێناوە ئێستایش ئامادەم بۆ ھەموو لێپرسینەوەیەک بچمە بەردەمی دادگا."

عەبدولقادر شنگالی ئاماژەی بەوە کرد: "بەر لە ٢٠ ڕۆژ لیژنەی لێکۆڵینەوە ڕاپۆرتی خۆی ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرد تا پارێزگار لا بدرێت، بەڵام دواتر کۆ بوونەوە و بەڵگەم ھەیە لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا ئەگەر بێت و پارێزگار متمانەی لێ وەربگرنەوە ئەوە من دەبم بە پارێزگار، دیارە ئەوان لەگەل ئەوە نەبوون کوردێک ببێتە پارێزگاری مووسڵ، چونکە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاش ھەر کوردە، ئەوە بووە ھۆکار ناوی ئێمەیش خرایە نێو نووسراوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەرلەمان، بەکورتی ئێمەیش لە بابەتی پارێزگاردا بووینە قوربانی."
kdp-
Top