شاندێكی پەیمانگەی دیپلۆماسی و ئەكادیمیی ڤیەننا سەردانی پەرلەمان دەكات
لە دیدارەكەدا كە د. مستەفا گۆران، نوێنەرى حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نەمسا ئامادە بوو، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، كورتەیەكی سەبارەت بە ڕۆڵ و ئەركى پەرلەمان لە دەركردنی یاسا و چاودێریكردنی كارەكانی حكوومەت و چۆنیەتیی پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسا، چ لە لایەن حكوومەتەوە، یان لە لایەن ژمارەی یاساییی ئەندامانى پەرلەمانەوە بێت، باس كرد و ڕایگەیاند: "ئەو یاسایانەی كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە و بە چەند ڕێكارێكی یاسایی بەپێی پەیڕەوى ناوخۆی پەرلەمان پێشكەش دەكرێن و دواتر خوێندنەوەى یەكەمیان بۆ دەكرێت و ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەكان دەكرێن بۆ تاوتوێكردنی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت و بە مەبەستی وەرگرتنی ڕاوبۆچوونیان لەسەر پڕۆژەیاساكە بە مەبەستی دەوڵەمەندكردنی زیاترى و ئامادەكردنی ڕاپۆرت لەسەرى، پاشان لە لایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە دەخرێتە بەرنامەی كارى دانیشتنی پەرلەمان بە مەبەستی گفتوگۆكردن و پەسندكردنى".
هەروەها ڕایگەیاند: "ئەو یاسایانەی كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەردەچن لەگەڵ دەستوورى هەمیشەییی عێراق یەك دەگرنەوە و لە دەستوورى عێراقیشدا هاتووە هەرێمی كوردستان مافی دەركردنی یاسا و بڕیارى هەیە و دەشتوانێ خاوەنى دەستوورى تایبەت بە خۆی بێت بەپێی دەستوورى عێراق".
هەر لە دیدارەكەدا د. ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، باسى لە پەیوەندیی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی ناوەند كرد و ڕایگەیاند: "ئێستا پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئاستێكی زۆرباشدایە و دەخوازین حكوومەتی عێراق هەنگاوەكانیان بۆ جێبەجێكردنی دەستوور خێراتر بكەن، لە نێویشیاندا ماددەی ١٤٠ى دەستوور، كە تایبەت بە ناوچە دابڕێنراوەكانە، لە ئاساییكردنەوە و سەرژمێرى و ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ یەكلاییكردنەوەى چارەنووسی ئەو ناوچانە و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی ترى نێوان هەردوولا بە جۆرێك كە لە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی عێراقدا بێت".
پاشان هێمن هەورامی، جێگرى سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، باسی لە بارودۆخی سیاسیی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كار و چالاكییەكانی پەرلەمانی كوردستانى لە ڕووى هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و دروستكردن و پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكانەوە كرد.
شاندی میوانیش وێڕای پیرۆزباییكردن لە سەرۆك و جێگر و سكرتێری پەرلەمان بە بۆنەی دەستبەكاربوونیان لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا، خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و مەبەستی سەردانەكەشیان بۆ هەرێم و پەرلەمانی كوردستان ڕوون كردەوە كە بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوونە لە ڕەوشی هەرێمی كوردستان.
خۆشحاڵی خۆیشیان بەو سەقامگیرى و ئارامی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشیان لە ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆریستانی داعش دەربڕی و ستایشى هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ لە باوەشگرتنی ئەو ژمارە زۆرەى ئاوارەكان كە لە ناوچەكانی دیكەى عێراقەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو.
kdp-
