بەرگریی شارستانیی سلێمانی ھۆشداری بە ھاووڵاتییان دەدات
ڕێکان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ڕايگەیاند: "دوای ئەوەی شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری گرتەوە، ئێستا سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی بۆ پاراستنی ژیانی ھاووڵاتییان کەووتونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە".
گوتیشی: "ماوەی 10 کاتژمێرە سەرجەم کارمەندەکانی بەرگریی شارستانێ لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و تیمەکانمان لە شوێنە گشتییەکاندا بڵاو کردووەتەوە، جگە لەوەی بەھۆی زۆریی ڕێژەی بارانەکەوە ئاو چووەتە ناو چەند ماڵێکەوە، بەڵام خۆشبەختانە ھیچ حاڵەتێکی نەخوازراو ڕووی نەداوە".
ڕێکان جەمال ئاماژەی داوا لە ھاووڵاتییان دەکات: "ئەگەر دەزانن بەھۆی ئەو بارانبارینەوە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت، پەیوەندی بکەن بە ھێڵی گەرمی 115، بۆ ئەوەی تیمەکانمان بە ھانای ھاووڵاتییانەوە بچن و ڕێگری لە حاڵەتە نەحوازراوەکان بکەن".
لەلایەکی دیکەوە ناسیح حەسەن، قایمقامی شارۆچکەی دەربەندیخان ڕايگەیاند: "بەھۆی بوونی لافاو و بارانی بەخوڕەوە، بەشێکی پردی (دەرەدۆین)ی نێوان شارۆچکەی دەربەندیخان - کەلار کە دەکەوێتە نزیک بانی خێڵان، ئاو بردوویەتی و ئێستا تیمێکی ھاتوچۆی شارۆچکەکە لە شوێنەکەن بۆ ئەوەی ڕێنمانی شۆفێران بکەن".
درەنگانی شەوی ڕابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 26/3/2019 شەپۆلێکی بارانبارینی بەھێز ھەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەو ھۆیەوە لە چەند شوێنێکی جیاواز لافاو دروست بووە.
باسنيوز
