ئەمڕۆ دەنگ لەسەر دوورخستنەوەی هێزەكانی پەكەكە لە شنگال دەدرێت

ئەمڕۆ دەنگ لەسەر دوورخستنەوەی هێزەكانی پەكەكە لە شنگال دەدرێت
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەن بڕیار لەسەر دوورخستنەوەی هێزەكانی پەكەكە لە شنگال دەدات. دەشڵێ، گەنگەشەی تەواو سەبارەت بە رووداوەكەی مووسڵ و دوورخستنەوەی پارێزگار دەكرێـت.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ دەبێتەوە و بڕیار لەسەر چەند بابەتێك دەدات، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەش، دەركردنی هێزەكانی پەكەكەیە لە شنگال.

لەو بارەیەوە، دانا شەهید جەزا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دەنگ لەسەر دەركردنی هێزەكانی پەكەكە دەدرێت لە شنگال، هاوكات دەنگدانیش لەسەر لادانی پارێزگاری نەینەوا بە هۆی رووداوی نقوومبوونی بەلەمەكەی مووسڵ دەكرێت.

جەزا راشیگەیاند، هێزەكانی پەكەكە لایەنی عێراقی نین، بۆیە باسی ئەو هێزانە دەكرێت، چونكە بە گوێرەی دەستووری عێراق و بە پێی دەستووری هەموو وڵاتان، هێزی نیزامی لە وڵاتێك، دەبێت هێزێك بێت سەر بە حكوومەتی ئەو وڵاتە بێت، هەر بۆیە ئەو هێزانە رێگەپێدراو نین.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەموو لایەنە سیاسییەكانی تر دژی بوونی ئەو هێزانەن لە ناوچەكە، هەروەك لە ناو خاڵی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، كە ئەو هێزانەی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقدا نین، نابێت لە شنگال بن.

پێوەست بە پێشنیازەكەی عادل عەبدولمەهدی لەبارەی دوورخستنەوەی پارێزگاری نەینەوا و جێگرەكەی لە پۆستەكانیان بە هۆی رووداوەكەی مووسڵەوە، گوتی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕگەیەك زیاد كرا لەسەر لادانی پارێزگار و جێگرەكەی،‌ دوای ئەو رووداوەش پێشبینی دەكرێت ئەم بابەتە یەكلا بكرێتەوە".
kdp-
Top