ئهم بهیانییه فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەڤەری برادۆستیان بۆردوومان كرد
لەوبارەیەوە، جەلال عوزێر، موختاری گوندی خەلیفان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، كاتژمێر ٦:٠٠ بۆ ٧:٣٠ خولەكی بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ھەریەك لە خواكوڕك و بێسنۆك و مارەمەلایان كردە ئامانج، كە ناوچەی كوێستانین و بە هۆی بۆردوومانەوە زیان بەر ژینگەی سنوورەكە كەوتووە.
موختاری گوندی خەلیفان گوتیشی: "تا پێشنیوەڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەردەوام بەسەر ئاسمانی سنوورەكەماندا دەسووڕانەوە".
شایەنی باسە، سیدەكان لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە شارۆچكەی سۆرانە لە سنووری پارێزگای ھەولێر و ١٤٤ كیلۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە، بە ھۆی بەردەوامیی بۆردوومان و تۆپبارانی وڵاتانی دراوسێوە، ١٥٠ گوندی ئەو سنوورە ئاوەدان نەكراونەتەوە
KDP-
