"پەرلەمانی عێراق پارێزگاری نەینەوای لە کارەکەی لادا"
محەمەد ئەمین مزووری، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا بە زۆرینەی دەنگ پارێزگاری نەینەوا و ھەردوو جێگرەکانی لە کارەکانیان دوور خرانەوە. لەبەر ئەوەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی لادانی پارێزگاری نەینەوای ئاراستەی پەرلەمان کردبوو دەنگی دژ لەسەر لادانی زۆر نەبوون."
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەڵێت: "بەھۆی ئەو ڕووداوەی لە ناوچەی گەشتیاریی جەزیرەی مووسڵ ڕووی دا و زیاتر لە ١٠٠ ھاووڵاتیی سڤیل بوونە قوربانی و ئەو مەلەفانەی گەندەڵی لەسەر ئیدارەی شاری مووسڵ ھەبوون پەرلەمان بڕیاری لادانی پارێزگاری نەینەوای دەرکرد."
لەبارەی دانانی پارێزگارێکی نوێوە، مزووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ نەینەوا لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە، بەڵام دوای ئەوەی کاندیدێک پەسەند دەکرێت، ئەوە دیسان پێویستە بە نووسراو ئاراستەی پەرلەمانی عێراق بکرێت و پەرلەمان دەنگ لەسەر دەستبەکاربوونی پارێزگار بدات."
ماوەیەک ھەوڵێکی زۆر ھەبوو تا پارێزگاری نەینەوا، نەوفەل عاکوبی، لەسەر کارەکەی لابدرێت، بەڵام ڕووداوی ٢١ی ئادار زیاتر لادانی پارێزگاری پێش خست.
kdp-
