"لە ھەولێر کۆنفڕانسێک لە نێوان وەبەرھێنەرانی تورکیا و ھەرێم ئەنجام دەدرێت"
حەمید ڕەبەتکی، سەرۆکی ژووری پیشەسازیی دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕۆژانی ڕابردوو شاندێکی بازرگانانیی ھەرێمی کوردستان سەردانی زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستانی کرد و ھەموو پارێزگاکانی تورکیا بڕیاریان داوە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆمپانیا و کارگەکانیان دێنن بۆ ھەرێمی کوردستان تا بەشدار بن لە ھەستانەوەی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی بازرگانی و وەبەرھێنانەوە، بەڵام ئەوان چاوەڕێن جووڵەی زیاتر بکەوێتە بازاڕەوە، چونکە بەھۆی لادانی بڕیاری پاشەکەوتی مووچەوە پێشبینیی گەشەیەکی زۆری بازرگانی و ئابووری دەکرێت."
سەرۆکی ژۆری پیشەسازیی پارێزگای دھۆک گوتیشی: "وڵاتی تورکیا لە ڕووی دامەزراندنی کارگەوە پێشکەوتووە و زۆر لەپێش وڵاتانی ئەورووپاشە، لەبەر ئەوە، ئێمە دەتوانین سوود لە ئەزموونی تورکیا وەربگرین وەک وڵاتێکی دراوسێ کە لە بازرگانی و پیشەسازیدا پێشکەوتووە."
حەمید ڕەبەتکی ڕوونی کردەوە: "بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە شاری ھەولێر کۆنفرانسێکی گرینگ لە نێوان بازرگان و وەبەرھێنەرانی تورکیا و ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت و لەو کۆنفرانسەدا بەرچاوڕوونی و پلان بۆ کارکردن و بەشداریی وەبەرھێنەرانی تورکیا دابنرێت، تا لە ھەرێمی کوردستان دەست بەکار بکەن و بەشدار بن لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان."
kdp-
