پەرلەمانتارێکی پارتی: هیوادارین تا کۆتایی مانگی نیسان سەرۆکی حکوومەت دەستنیشان بکرێت
وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت و لەوێشەوە گفتوگۆ لەسەر ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی پرۆژە یاساکە رەھەندی نیشتمانیی ھەیە، پێمان باشە کۆدەنگیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی لەسەر بێت، بەتایبەت بۆ ئێمە کە گرنگە کۆدەنگیی یەکێتیی لەسەر بێت کە شەریکی پارتییە لە کوردستاندا، بۆیە ھیواخوازین لەو پرسە لەگەڵمان ھاوڕا بن، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دوای دەستنیشانکردن و سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دواتر دەست دەکرێت بەناوھێنان و سوێندخواردنی سەرۆکی کابینەی نوێی حکوومەت و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ سەرۆکی حکوومەت یەک مانگی لەبەردەمە بۆ پێکھێنانی حکوومەت".
گوتیشی: "ئومێدمان دەکرد کە ئەو پرسە زووتر یەکلا ببێتەوە، چونکە خەڵکی کوردستان متمانەی بە پەرلەمان داوە، بۆیە ھیواخوازین تا کۆتایی مانگی نیسان سەرۆکی حکوومەت دەستنیشان بکرێت و سوێندی یاسایی بخوات بۆ ئەوەی زیاتر ھەوڵ بدەن بە پرۆژە و خزمەتگوزاری خەڵک بکەن".
هەر لەمبارەوە پەرلەمانتارێکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، تا کۆتایی ئەم مانگە پرسی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان یەکلا دەکرێتەوە و دەشڵێت، لە مانگی نیساندا دەبێ مەسرور بارزانی، بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت رادەسپێردرێت.
د. سەباح زێباری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پارتی پڕۆژە یاسایەکی بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ئامادە کردووە و بڕیارە لەم ھەفتەیەدا لە پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، بڕیاریشە ئەمڕۆ ھەر دوو شاندی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەیکەیان لە پیرمام بیخەنە بەرباس و پڕۆژەکەش زیاتر پەیوەستە بە ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆوە، چونکە ئەگەر یەکێتی بەشداری بکات، ئەوا پێکەوە لە پەرلەمان دانوستان لەسەر پڕۆژەکە دەکەین، لە ئەگەری نەھاتنی یەکێتییش، پڕۆژە یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان یەکلا دەکرێتەوە".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتیشی: "پارتی بڕیاری خۆی داوە تا کۆتایی ئەم مانگە ئەو بابەتە کۆتایی بێت، چونکە کات لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەکدا نییە و پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر دوا کەوتووە، ئێمە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆژەکە تاوتوێ دەکەین".
باسنیوز
