پارێزگای سلێمانی لە بەکارھێنانی گوشتی سووردا پلەی یەکەمی ھەیە
شاڵاو عارف، سەرپەرشتیاری تیمی پزیشکی کوشتارگەی سلێمانی، رایگەیاند: بەپێی ئامارەکانی تیمی پزیشکیی کوشتارگەی سلێمانی، لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لە کوشتارگەی سلێمانی زیاتر ٨ هەزار و ٩٩٣ سەر ئاژەڵی بچووک و ٨٤٧ سەر ئاژەڵی گەورە سەر بڕدراون و پێنج تۆن و ٣٠٠ کیلۆ گۆشتی خراپبووش کە زیانی بۆ ھاووڵاتیان ھەبووە ڕەت کراونەتە و سووتێندراون، ھەروەھا ٧٠٣ پارچەی ناولەشی ئاژەڵەکان کە زیانیان بۆ تەندروستی مرۆڤەکان ھەبووە لەناو براون.
گوتیشی، لە کوشتارگەی سلێمانی، دوو جۆر پشکنین بۆ ئاژەڵەکان دەکەین، پشکنینی پێش سەربڕین و پشکنینی دوای سەربڕین، بێگومان ئەگەر بزانین ئاژەڵێک نەخۆشیی ھەیە گۆشتەی لەناو دەبەین و بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین گۆشتی ئەو ئاژەڵەی کە نەخۆشیی ھەیە ھاوردەی بازاڕ و دووکانەکانی فرۆشتنی گۆشت بکرێت."
ئاماژەی بەوەش دا، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پارێزگای سلێمانی پلەی یەکەمی هەیە لە بەکارهێنانی گۆشتی سووردا ھۆکارەکەشی بۆئەوە دەگەڕێتەوە خۆشبەختانە سیستەمی پاشەکەووتی موچە نەماوە و ئەمەش گۆڕانکاریەکی گەوەری درووستکردووە، بەجۆرێک ئەم نەورۆزە گۆشتی سوور خواستێکی زۆری ھاوڵاتیانی لەسەر بووە".
سەرپەرشتیاری پزیشکیی کوشتارگەی سلێمانی، باسی لەوەش کرد، فرۆشتنی گۆشتی شەقامەکان مەترسیی زۆری بۆ تەندروستیی مرۆڤ ھەیە، بۆیە داوا لە ھاووڵاتیان دەکەین، ئەو گۆشتە نەکڕن و بەکاری نەھێنن، چونکە مەترسیی زۆری توشبوونی بە چەندین نەخۆشی هەیە و باشترە خۆیان لە کڕینی ئەو گۆشتە بپارێزن".
باسنیوز
