کۆبوونەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتیەكان دەستیپێکرد
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: کۆبوونەوەی هەردوو شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کاژێر 11:00 لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام دەستیپێکرد، کۆبوونەوەکە درێژەپێدەری کۆبوونەوەی 19ـی مانگە، کە تەوەری سەرەکی قسەکردنە لەسەر پشک و پۆستەکانی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی رابردوو هەردوولا رایانگەیاند؛ ئێستا بەرچاویان لە جاران روونترە، دوای راوێژی هەردوو شاند لەگەڵ مەکتەبی سیاسی خۆیان، ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەداتەوە سەبارەت بە پشک و پۆستەکانی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەت، چونکە یەکێتی با پاکێجی نوێوە لە کۆبوونەوەکانی رابردوو هاتووەتە پێش، یەکێک لە پێشنیازەکانیشیان ئەوەیە؛ پۆستەکان بە خاڵ دابەشبکرێن.
پێکهاتەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی هەمان پێکهاتەی شاندی کۆبوونەوەی 19-3-2019 دەبێت، کە لە پارتی بریتیبوون لە: کەمال کەرکووکی، کاکەمین نەجاڕ، دڵشاد شەهاب، هێمن هەورامی، فرسەت سۆفی، عەلی عەونی. شاندەکەی یەکێتیش پێکهاتبوون لە عیماد ئەحمەد، لەتیف شێخ عومەر، بافڵ تاڵەبانی، عەدنان حەمەی مینا، شاڵاو کۆسرەت رەسوول.
رووداو
