سیدەكان.. فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان، ڕاگەیاند: كاتژمێر 6ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 24/3/2019 تاكوو 8:30، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەسەر ناوچاكانی "خواركورك و سمێلە و لۆلان و دێل" و بە دەوروبەری گوندەكانی "سیران خەلیفان و ئاڵەكان"دا سووڕاونەتەوە و لە چیای دێل بنكەی سەربازی توركیای لێیە، بەڵام فڕۆكەكان تۆبپارانیان نەكردووە".
گوتیشی، ئێستا لە سنووری سیدەكان کەشوهەوا نالەبارە و باران دەبارێت و هەر كاتێك كە دۆخی كەشوهەوا باراناوی بێت، یان تەم بێت، پەكەكە بە دەرفەتی دەزانێت و هێرش دەكاتە سەر بنكە سەربازییەكانی توركیا، ئەوانیش بۆ ئامادەباشیی خۆیان بە فڕۆكەی سەربازی بەسەر ئەو ناوچانەدا دەسووڕێنەوە.
بەپێی زانیارییەكان دۆخی ناوچە شاخاویییەكانی سنووری سیدەكان بەهۆی بوونی بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) ناجێگیرە و بەو هۆیەوە سوپای توركیا ناوەبەناو هێرشی ئاسامانی دەكاتە سەر سنوورەكە و بەو هۆیەوە خەڵكی گوندنشینانی سنوورەكە دەبنە قوربانی.
باسنیوز
