مەسروور بارزانی لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش هۆشداریی دەدات

 مەسروور بارزانی لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش هۆشداریی دەدات

ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش هۆشداریی دەدات و ئاشکرای دەکات کە لە پارێزگاکانی باکووری عێراق لەو شوێنانەی لە دەستی داعش ئازاد کراون، شانە نووستووەکانی داعش بە تاکتیکی نوێ جارێکی دیکە سەریان هەڵداوەتەوە.



مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش، ئامانجی سەرەکی شەڕەکە بوو، قوربانییەکی زۆریش لەم شەڕەدا درا، دەرەنجامەکانی شەڕەکەش لە عیراق و سووریا بەرچاون.



ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیی ڕاگەیاند: "مانەوەی کێشە سیاسی و ئابوورییە سەرەکییەکانیش بەبێ چارەسەر، رێگە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش خۆش دەکات".



مەسروور بارزانی، جەختیشیکردەوە کە" داعش بریتی نییە لە بوونی هێزی چەکداری یان رووبەرێکی جوگرافی، بەڵکوو داعش ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتە و رێکخراوەکە توانیویەتی خۆی لەگەڵ شکستەکان رابهێنێت و لەو شوێنانەی تایفەگەریی تێدا زاڵە، دەستی بە هێرشی چەکداری کردووەتەوە".



دەشڵێت: "لە پارێزگاکانی باکووری عێراق لەو شوێنانەی لە دەستی داعش ئازاد کراون، شانە نووستووەکانی داعش بە تاکتیکی نوێ جارێکی دیکە سەریان هەڵداوەتەوە، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لە نێو خەڵکی".




باسنیوز
Top