"تا ئێستا ١٠٣ کەس لە ڕووداوەکەی مووسڵ بێسەروشوێنن"

رۆژی ٢١ی ئادار بەلەمێکی گەشتیاران لە کۆمەڵگەی گەشتیاری جەریزە لە مووسڵ وەرگەڕا و لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٠٠ کەس بوونە قوربانی، رووداوەکە عێراقی ھەژاند و لە عێراق سێ رۆژ ماتەمینی و لە ھەرێمی کوردستانیش ئاھەنگەکانی جەژنی نەورۆز راگیران.

ھاشم بریفکانی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێ، "بەپێی دوان ئامار زیاتر لە ١٠٠ کەس بەھۆی رووداوەکەی ناوچەی جەزیرەی مووسڵ گیانیان لەدەستداوە و ١٠٣ ھاوڵاتیش تا ئێستا بێسەروشوێنن، کە بەشێک لە قوربانیەکان کوردن.

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "دوێنێ ئەنجوومەنی پارێزگا کۆبونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و تێدا ژمارەیەک بڕیار دەرکران، لەوانە لادانی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی نەینەوا و وەرگرتنەوەی مۆڵەتی وەبەرھێنان لە وەبەرھێنەرەکە، ھەروەھا وەبەرھێنەر و دەستەی کارگێڕی کۆمەڵگەی گەشتیاری جەزیرە رەوانە دادگا کراون بۆ لێکۆڵینەوە.

بریفکانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "ئێمە بەڕێوەبەری بەنداوی مووسڵ و بەڕێوبەرانی گەشتوگوزار و پۆلیسمان بانگھێشت کردووە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کەمتەرخەمی کراوە، چونکە بەڕێوەبەری بەنداوەکە گوتی ھۆشداریمان داوە لە بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی رۆباری دیجلە و بەڕێوەبەری پۆلیسیش رۆژی ١٩ی مانگ نووسراوی ئاراستەی کۆمەڵگەی جەزیرە کردووە نابێت کۆمەڵگەکە بەڕووی ھاوڵاتیاندا بکرێتەوە بەھۆی مەترسی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی دیجلە، بەڵام بەداخەوە گوێیان پێنەداوە و ئەوە روویدا کە ھەموومان بینیمان.
پێوەست بە لادانی پارێزگاری نەینەوا ھاشم بریفکانی روونی کردەوە، "ئەنجوومەنی پارێزگا نەوفەل حەمادی پارێزگاری نەینەوای رەوانەی لیژنەی لێکۆڵینەوە کردووە لە بەغدا تا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و عادل عەبدولمەھدی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش نامەیەکی ئاراستەی پەرلەمان کردوە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە پارێزگاری نەینەوا، ھەروەھا لە ئەنجوومەنی پارێزگاش ئیمزا بۆ لادانی پارێزگاری نەینەوا کۆکراوەتەوە.
kdp-
Top