مەلا بەختیار بۆ مەلا کرێکار: باوەڕم بەوە نییە ئازادیت لێ زەوت بکرێت
مەلا بەختیار لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، ئاشکرای کرد کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی ئاداری ٢٠١٩، تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاو دەکاتەوە و تێیدا وەڵامی مەلا کرێکار دەداتەوە.
مەلا بەختیار لەو نووسینەی ئەمڕۆدا چەندجارێک خۆی وەک ”ڕۆشنگەر“ ناساندووە و ڕای گەیاندووە کە هەرچەندە بڕیار بووە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا پەیامەکەی بڵاو بکاتەوە، بەڵام بەھۆی جەژنی نەورۆزەوە، پەیامەکەی دواخستووە و نەیویستووە لەوکاتەدا کە خەڵکی کوردستان سەرقاڵی شادی و خۆشییەکانیانن، پەیامەکەی بڵاو بکاتەوە.
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕوونی کردووەتەوە کە لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەی ئەمڕۆدا ”هەندێک لە زانیارییە ناڕاستەکانی مەلا کرێکار“ وەڵام دەداتەوە. هاوکات تێیدا دژایەتیی خۆی بۆ زیندانیکردنی دەردەبڕێت. هەروەک نووسیویەتی: ”جیاواز بیردەکەینەوە، بەڵام رێزم بۆ جیاوازییەکان ھەیە و ھیچ کاتێکیش باوەڕم بەوە نییە ئازادیت لێ زەوت بکرێت و باوەڕیشم بەوە نییە کەس بیر لەوە بکاتەوە، تۆڵەی جەستەییت لێ بکاتەوە".
مەلا بەختیار بەڵێنی ئەوەشی داوە کە هەر کاتێک مەلا کرێکار گەڕایەوە هەرێمی کوردستان، ”دیبەیتێک“ی لەگەڵدا ئەنجام بدات.
باسنيوز
