تاریق حەرب سزای تۆمەتبارانی ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی مووسڵ ئاشکرا دەکات
تاریق حەرب، یاساناسی بەناوبانگی عێراقی ڕای گەیاند، ئەو کەسانەی کە لە ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی مووسڵەوە تێوەگلاون، بەپێی یاسا سزا دەدرێن و سزاکەشیان زیندانیکردن تاوەکوو پێنج ساڵ دەبێت و ئەگەریش هەیە بۆ لەسێدارەدان بگۆڕێت، ”ئەوەش دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەو ڕووداوە یەکلایی دەکاتەوە“.
بە گوتەی ئەو یاساناسە، خاوەنی پڕۆژە گەشتیارییەکە ناتوانێت بە بیانووی کەمتەرخەمیی کرێکارەکانی پڕۆژەکەی، خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە. ڕوونیشی کردەوە: ”ئەو ڕووداوە بە تاوانی کوشتنی بە هەڵە دادەنرێت و سزاکەشی بەپێی ماددە ٤١١ی یاسای سزادانی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی عێراقی دیاری کراوە و سزاکەی لە ٥ ساڵ زیاتر نییە“.
تاریق حەرب ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەرێک هەیە ڕووداوەکە بابەتی (مەبەستی تاوانیی پێشبینیکراو) بگرێتەوە و تۆمەتباری ئەو ڕووداوە پێشبینی ئەوەی کردبێت کە لە ئەنجامی ئەو کارەی دەیکات، ئەنجامێکی لەو شێوەیە دەکەوێتەوە، بۆیە “ئەگەر ئەمە ڕاست بێت و بسەلمێندرێت کە تۆمەتبارەکە پێشبینییەکی ئاوای کردووە، سزاکە بەپێی ماددە ٤٠٦ی یاسای سزادانی عێراقی دەبێتە لەسێدارەدان”.
جەختیشی کردەوە کە خاوەنی پڕۆژە گەشتیارییەکە و سەرجەم بەڕێوەبەران و ئەوانەی لەو بەلەمەدا کاریان کردووە، بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ئاداری ٢٠١٩ و بە بۆنەی جەژنی نەورۆز، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی مووسڵ بۆ سەیران، چووبوونە پڕۆژەیەکی گەشتیاری و زیاتر لە ١٧٠ کەس لەنێو بەلەمێکدا ویستبوویان لە ڕووباری دیجلە بپەڕنەوە، لە کاتێکدا ئەو بەلەمە بۆ گواستنەوەی تەنیا ٣٠ کەس درووست کراوە، بۆیە دەست بەجێ بەلەمەکە ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا.
باسنيوز
