بەرپرسی لقی مووسڵی پارتی باسی ناڕەزاییەکانی خەڵکی شارەکە دەکات

بەرپرسی لقی مووسڵی پارتی باسی ناڕەزاییەکانی خەڵکی شارەکە دەکات
بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ باس لە ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی ڕووباری دیجلە و ناڕەزایی خەڵکی مووسڵ لە دوای ڕووداوەکە دەکات.

عیسمەت رەجەب، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ ڕايگەیاند، خەڵکی مووسڵ زۆر نیگەرانن لەسەر ئەو ڕووداوە، خەڵک گلەییان ھەیە لەسەر ئەدای حکوومەتی خۆجێیی لە مووسڵ، پێش ئەم رووداوەش خەڵک داوایان کرد کە ھەندێک بەرپرسی ئیداریی مووسڵ لاببرێن، لەدوای ئازادکردنەوەی مووسڵیش تائێستا ھیچ شتێک نەکراوە لەرووی خزمەتگوزارییەوە، گەندەڵی لە ھەموو دامودەزگاکان زۆر بووە، ”ئەم رووداوەی ڕۆژی نەورۆزیش کاریگەرییەکی زۆر کردووەتە سەر خەڵک".

عیسمەت رەجەب نەیشاردەوە کە خەڵکی مووسڵ زۆر بێزارن و هەر بەرپرسێکی حکوومەت و دەوڵەتی عێراق سەردانیان بکەن، ”لە دژی ڕادەوەستنەوە“. بۆیە ”ئەو خۆپیشاندانەی لە دژی سەرۆک کۆمار و پارێزگار کرا، بەشێکە لەو ناڕەزاییانەی خەڵکی مووسڵ و پێیانوایە کە تەواوی بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق لێی بەرپرسیارن“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ئەو شوێنە گەشتیارییە بەشێکە لە وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت، بۆیە دوای ڕووداوەکە، پۆلیسی عێراق بەرپرسی ئەو شوێنە گەشتیارییە و ١١ کەسی دیکەی دەستگیر کردووە“.

باسیشی لەوە کرد کە چاوەڕوان دەکرێت لەم چەند ڕۆژەدا بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی دۆخی مووسڵ و ئیدارەی شارەکە بدرێت و ئەگەر ئەو بڕیارانە نەدرێت، ئەوا پێشبینیی فراوانتربوونی ناڕەزایی خەڵکی دەکرێت.

لە کۆتاییدا عیسمەت رەجەب نەیشاردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیری لە داواکاریی خەڵکی مووسڵ دەکەن و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەر پشتیوانی خەڵکەکە دەکات.










باسنيوز
Top