پاسپۆرتی ڕانیە بێ‌ كارمەندە

پاسپۆرتی ڕانیە بێ‌ كارمەندە
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی ڕانیە ڕای گەیاند وێڕای ئەوەی نووسینگەی پاسپۆرتەكەیان دەستبەكار بووە، بەڵام تا ئێستا كارمەندی نییە و رۆژانە لە شاری سلێمانییەوە كارمەندی بۆ دێت.

ئاودێر عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسپۆرتی ڕانیە ڕايگەیاند، ماوەی مانگێكە نووسینگەی پاسپۆرتی ڕانیە كراوەتەوە و دەستی بە كاركردن و دەرهێنانی پاسپۆرت بۆ هاووڵاتییان كردووە.

ئاودێر عەزیز گوتیشی، بەڵام ئەوەی بووەتە گرفتی سەرەكیمان ئەوەیە، كە كارمەندمان بۆ ڕاییكردنی كارەكان نییە، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕۆژانی دەوام ژمارەیەك لە كارمەندانی پاپسۆرتی سلێمانی بە پاس دێنە ڕانیە و كاروباری هاووڵاتییان ڕایی دەكەن كە ئەوەش كارێكی قورسە و مەترسیش لەسەر گیانی ئەو كارمەندانە هەیە بەهۆی هاتوچۆكردنی بەردەوامیانەوە.

بەڕێوەبەری نووسینگەی پاسپۆرتی ڕانیە باسی لەوەش كرد كە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕانیە تا چارەسەركردنی گرفتەكە، بەڵێنی ناردنی 15 كارمەندی پێداوین كە بۆمان تەنسیب بكات، بۆیە دوای كاری پێویست كارمەندەكان جێگیر دەكەن و گرفتەكەمان تاڕادەیەكی باش چارەشەر دەبێت.













باسنيوز
Top