سەرۆك بارزانی: نەورۆز بۆ گەلی كوردستان هەمیشە موژدەی دەستپێكێكی نوێیە
ئەمە دەقەكەیەتی:
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنی بەهار و نوێبوونەوەی سرووشت، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی كوردستان دەكەم.
نەورۆز بۆ گەلی كوردستان هەمیشە موژدەی دەستپێكێكی نوێ و ئومێدی تازە و سەركەوتن بەسەر ستەمكاران و سەختییەكاندا بووە. خەڵكی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا لە شەڕی دژی تیرۆریستان و لە بەرانبەر زوڵمی ناحەزان و كێشە و قەیران و گوزەرانی خراپ، خۆڕاگر بوونە و ئەو خۆڕاگرییەیان مایەی پێزانینە. جێگەی خۆیەتی لەو بۆنە نەتەوەییەدا داوا لە هەموو لایەك بكەم وەك وەفایەك بۆ خوێنی شەهیدان و قارەمانێتیی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی كوردستان، پێشكەوتن و پاراستنی كوردستان بكەنە ئەولەویەتی كارەكانیان. ئێستا قۆناغێكی ترە لە ژیانی گەلی كوردستاندا و پێویستییەكانی ئەو قۆناغە وا دەخوازێ كە بەرەو بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز و گەشەسەندوو هەنگاو بنێین كە لە ڕاستیدا هەر ئەوەیش ویستی ڕاستەقینەی هەموو هاووڵاتیانی كوردستانە و پێویستە ڕێز لەو ئیرادەیە بگیرێت. چونكە ئەو ئازادی و دەستكەوتانەی ئێستا هەن، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستانە.
لەو بۆنەیەدا جەخت لەسەر پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان دەكەینەوە و ئومێدی قووڵتربوونی ئەو فەرهەنگە بەهادارەی گەلی كوردستان دەخوازین. وێڕای سوپاسگوزاریم بۆ زەحمەت و شەونخونیی هێزەكانی پۆلیس و ئاساییش لە خزمەتكردنی خەڵك و دابینكردنی ئاساییش لە جەژن و بۆنەكاندا داوا لە هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەم پاراستنی ژینگە و جوانیی وڵاتەكەمان بە ئەركی سەرەكیی خۆیان بزانن.
هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێكێك بۆ ئاسوودەیی هەموو خەڵكی كوردستان و ئومێد دەكەم ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەكان بە كامەرانی و بەختەوەری بەڕی بكەن.
نەورۆزتان پیرۆز و بمێنن بە خێر و خۆشی.
مەسعوود بارزانی
20ـی 3ـی 2019
kdp -
