بەڕێوەبەری بازرگانی: ھاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە نرخ بەرز نابێتەوە
نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "راستە دوای ھەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی سەر مووچە، ترسی ئەوە ھەیە نرخ بەرز ببێتەوە، بەڵام ئێمە لیژنەكانی چاودێریی بازاڕمان راسپاردوون زیاتر چاودێری بخەنە سەر بازاڕ و شوێنە بازرگانییەكان و رێگە نەدەن زیادبوونی مووچە و باشبوونی بژێویی ھاووڵاتیان بە دەرفەت بزانرێت و نرخ بەرز بكرێتەوە".
لەبارەی چۆنیەتیی كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕ، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی: "ئێمە لە ھەموو پارێزگا و قەزاكان لیژنەی ئابووریمان بۆ دانانی نرخ ھەیە، راستە بازاڕ ئازادە، بەڵام ئەو كەلوپەلانەی پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی ھاووڵاتیانەوە، ھەیە لەلایەن حكوومەتەوە نرخیان بۆ دیاری دەكرێت و ھیچ شوێنێك بۆی نییە دەستكاریی نرخ بكات بەرەو بەرزكردنەوە".
ئەدھەم ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، لە ھیچ شوێنێك نرخ بەرز نەبووەتەوە، لیژنەكانی بازرگانی بە وردی چاودێریی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی بازاڕ دەكەن، ھەر كەسێكیش دەرفەت وەربگرێت لە باشبوونی رەوشی ئابووری، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و ھاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە نرخ بەرز نابێتەوە".
kdp -
