فەرماندەییی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە شێوەیەکی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو یادی نەورۆز دەکەنەوە

فەرماندەییی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە شێوەیەکی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو یادی نەورۆز دەکەنەوە
فەرماندەیەکی پێشمەرگەی زێرەڤانی دەڵێ، ئەمساڵ بە شێوەیەکی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو یادی جەژنی نەورۆز دەکەنەوە، ئەویش بە بەشداریی سەرجەم خانەوادەی شەهیدەکانیان و بەخشینی دیاری پێیان.

عەمید دێدەوان خورشید، بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی فەرماندەییی زێرەڤانی، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە بۆنەی جەژنی نەورۆز خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی شەڕی تیرۆریستانی داعشمان بانگهێشت كردووە بۆ بارەگای فەرماندەییی زێرەڤانی و ڕێوڕەسمێکمان ڕێك خستووە و ئاگری نەورۆز لەگەڵ خێزانی شەهیدەكان دەكەینەوە. چەند هونەرمەندێكیش بەشدارن و سروودی نیشتمانی پێشكەش دەكەن، هاوكاریەكیشیان پێشكەش دەكەین و پاشان بە ئێوارەخوانێك بۆ خانەوادەی شەهیدان كۆتایی بە ئاهەنگەكە دەهێنین. كە سەرجەمی خەرجی ئەم چالاکییەش لەسەر میزانییەی فەرماندەییی زێرەڤانییە."

عەقید دڵشاد، بەرپرسی هۆبەی ڕاگەیاندنی فەماندەییی پێشمەرگەی زێرەڤانیش لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەمساڵ بە شێوەیەکی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، یادی جەژنی سەری ساڵی کوردی دەکەینەوە، ئەویش بە میوانداریکردنی سەرجەم کەسوکاری شەهیدانی سەر بە فەرماندەییەکەمان و چەندین بەرپرسی حکوومی و حزبی، لەنێو بارەگای سەرەکیی فەرماندەییمان ڕێوڕەسمێکی تایبەتمان ئامادە کردووە."

kdp _
Top