سەندیكای پارێزەرانی كوردستان چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

سەندیكای پارێزەرانی كوردستان چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد
لەبارەی كۆنگرەی داهاتوویانەوە، كە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ببەسترێ، سەندیكای پارێزەرانی كوردستان چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد.


هاتووە "ئەنجوومەنی سەندیكا تا یەكلاییكردنەوەی ئەو داوایانەی لە دادگاكانی كوردستان لەسەر بڕیاری سەندیكای پارێزەران بەرز كراونەتەوە، دەربارەی شێوازی هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆنگرە و تانەی پێداچوونەوە لە بڕیاری دواخستنی كۆنگرە، بڕیاری دا بە دواخستنی هەڵبژاردنی نێردەكانی كۆنگرەی داهاتووی پارێزەران بۆ رۆژی 20/6/2019".


بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، ئەنجوومەنی سەندیكای پارێزەران، بۆ ڕەچاوكردنی بارودۆخی دەرچووانی یاسای ساڵی 2018 و ساڵانی پێشوو، بریاری دا بە كردنەوەی دەرگای هاتنەڕیز بۆ ئەندامیەتی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، بە جۆرێك لە رێكەوتی 24/3/2019 تاكو 11/4/2019 ئەو دەرچووانەی یاسا كە هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسن لە یاسا (زانكۆ باوەڕپێكراوەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان) و دانیشتووی هەرێمی كوردستانن بە شێوەیەكی بەردەوام و خاوەنی ڕەگەزنامەی عێراقیین، لە لقەكانی سەندیكا لە شارەكانی كوردستان، مامەڵەكانیان پێشكەش دەكەن، هاوكات لە رێكەوتی 21/4/2019 تاكو 21/5/2019 بۆ ماوەی مانگێك خولی راهێنانی پارێزەرایەتی لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی ئەنجومەنی سەندیكا، لە لقەكان ئەنجام دەدرێت.


لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەی سەندیكای پارێزەرانی كوردستاندا هاتووە ئەو ئارەزوومەندانەی مەرجی یاساییان تێدا هەبێت و بەشداری خولەكە بكەن، دەبنە ئەندامی سەندیكا و ناسنامەیان پێ دەدرێت، هاوكات ئەو فەرمانبەرانەی وازیان لە فەرمانبەرایەتی هێناوە، پێویستە لە كاتی پێشكەشكردنی مامەڵەی ئینتما، فەرمانی ڕەسەنی دەست لەكار هەڵگرتن (كە پێش مانگی 2/2019 دەرچووبێت) هاوپێچ بكەن، بە پێچەوانەوە مامەڵەكانیان وەرناگیرێت.
bas news -
Top