هێزەکانی تورکیا سنووری ئامێدی تۆپباران دەکەن

هێزەکانی تورکیا سنووری ئامێدی تۆپباران دەکەن
هێزەکانی سەر بە سوپای تورکیا، ناوچەکانی سنووری شاری ئامێدی لە پارێزگای دهۆک تۆپباران دەکەن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو تۆپبارانەی تورکیا، ئاستەنگی بۆ هاتوچۆکردنی دانیشتووانی دوو گوندی سنوورەکە درووست کردووە و تۆپێکیش خانووی هاووڵاتییەکی کردووەتە ئامانج.


لەمبارەیەوە سەربەست ئاکرەیی، بەڕێوەبەری شارەدێی کانی ماسی، بۆ کەناڵی (کوردستان24) ڕای گەیاندووە کە تۆپبارانەکە بەهۆی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە بووە، بەڵام ڕێگەی نێوان گوندەکانی (ئاستەنگێ)ی مەسیحینشین و گوندی (مایێ) ئاستەنگی بۆ درووست بووە و ”تۆپێکیش بەر خانووێک کەوتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەس لەنێو خانووەکەدا نەبووە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".

بەهۆی بوونی بارەگاکانی پەکەکە و نزیکیشیان لە گوندەکانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، بەردەوام هێزەکانی تورکیا لە ڕێگەی تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگییەوە، ناوچە سنوورییەکان بە تایبەتیش لە سنووری پارێزگای دهۆک بۆردومان دەکەن. تاوەکوو ئێستاش زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتیی سڤیلی هەرێمی کوردستان، بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا شەهید بوون و دەیان کەسیش بریندارن.









باسنیوز
Top