ئامێدی: ئەجێندای خۆمان رادەستی كابینەی نۆیەم دەكەین.. دهبێت ڕۆڵی زیاتر بە ئافرەتان بدرێت
رۆڵی ئافرەتان لە مێژوودا
شیرین ئامێدی، باڵیۆزی ئاشتی لە كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس لە رۆڵ و تێكۆشانی ئافرەتان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان دەكات، كە ئەوكات ئافرەتان هەرگیز بیریان لە مافی خۆیان نەكردووەتەوە، بەڵكوو شانبەشانی برا پێشمەرگەكانیان خەباتیان لە پێناو رزگاریی خاك و میللەتدا دەكرد، ئەویش لەو پێناوەی گەلی كوردستان لە ژێر زوڵمی داگیركەراندا رزگار بكەن و لە ئارامیدا بژین، كە نموونەیان لە شۆڕشی ئەیلوولدا زۆرن.
ئامێدی جەختی لەوەش كردەوە، كە جەنابی سەرۆك بارزانی، هەمیشە ئەو خەبات و تێكۆشانەی ئافرەتانی لە شۆڕشدا بەرز نرخاندووە، هەمیشە لە كۆبوونەوەكانیشدا تەئكید لە رۆڵی ئافرەتان دەكاتەوە، چ لە مێژوودا، چ بۆ ئێستا و داهاتوویش، كە سیمای بەرخودانن و بە لایەوە مەزنترین سیمبولن.
ئافرەتان لە دوای راپەڕین
دوای ئەوەی هێزە كوردستانییەكان لە شاخ گەڕانەوە شار و هەرێمی كوردستان لە راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ١٩٩١ لە دەست رژێمی بەعس رزگار كرا، شیرین ئامێدی باس لە درووشمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات، ئاشتی، ئازادی، دیموكراتییە، ئەویشی بە كردار سەلماندووە، كە لە بەرەی كوردستانی چەند ئافرەتێك رۆڵییان تێدا بینیوە، هەر ئەو كاتیش دەرفەتی دیكە بۆ ئافرەت رەخسێندرا.
ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، لە دوای راپەڕینەوە ئافرەتان پۆستی وەزیر و پەرلەمانتارییان پێدراوە، هاوكات لە رووی رێكخراوەكانیشەوە، چەندین ئافرەت رۆڵی خۆیان تێیدا بینیوە، هەروەها هەوڵیشیان داوە، كە بگەنە مەركەزی بڕیاردان چ لە حزب، چ لە حكوومەت و دامودەزگاكانی دیكە، وێڕای هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئابووریی سەربەخۆی خۆیان، ئەوەش لە پێناو بەهێزكردنی پێگەی ئافرەتان لە كۆمەڵگەدا.
رۆڵی یەكێتی ئافرەتانیش ناشارێتەوە، كە لە رێی پەرلەمانی كوردستانەوە، چەندین یاسای عێراقی هەبوون، كە دژ بە مافەكانی ئافرەتان بوون، توانیویانە هەمواری ئەو یاسایانە بكەنەوە، ئەویش بە پێشكەشكردنی چەندین پڕۆژە بە پەرلەمانی كوردستان، تا مافەكانی ئافرەتان بە شێوەیەكی سەردەمیانە بنووسرێنەوە.
كابینەی نوێ و رێژەی ئافرەتان
شیرین ئامێدی جەخت لەوە دەكاتەوە، كە هەمیشە پارتی دیموكراتی كوردستان دەرفەتی بە ئافرەتان داوە، چ لە رووی سیاسی، چ لە رووی ئیداری و بوارەكانی دیكە جێگەی خۆیان هەبێت، بە پێی یاساش دەبێت لە دەزگای یاسادانان سەدا بیست و پێنجی ئافرەت بێت.
ناوبراو نایشارێتەوە، كە ئەجێندای خۆیان رادەستی كابینەی نۆیەمیش دەكەن، بۆ ئەوەی ئافرەتان لە هەموو روویەكەوە رۆڵی خۆیان بگێڕن، بە تایبەتیش لە مەركەزی بڕیاردان، هەروەها جەختیش لەو شانازییە دەكاتەوە، كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تاكە حزب پارتییە كە سەرۆكی پەرلەمانی بە ئافرەت سپاردووە، ئەوەش بە دەستكەوتێك دەزانێت بۆ حزب، هاوكات بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمیش.
پێشی وایە، لە ئێستادا رێژەی ئافرەتان لە دامودەزگاكاندا لە رێژی پیاو زیاترە، لە روانگەی وەدەستهێنانی زانست و زانیارییش ئافرەتان زیاتر لە كوڕان هەوڵی بۆ دەدەن، هەروەها لە روانگەی بازرگانییشەوە ئافرەتانی كوردستانیش تێیدا بێبەش نین و لەو بوارەشدا رۆڵی خۆیان دەگێڕن، ئەوەشی بۆ خۆدەربازكردنی گەلی كوردستان لە كەلتوورێكی داسەپێندراوی وڵاتانی دیكە بەسەر كوردستاندا گێڕایەوە، كە خۆشبەختانە حزب و رێكخراوەكانی ئافرەتان رۆڵی گەورەیان لەوەدا هەبووە، لە رێی سیمینار و توێژینەوە و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە.
وێڕای ئەو دەرفەتانەی كە پێیان دراوە، بەڵام شیرین ئامێدی باڵیۆزی ئاشتی لە هەرێمی كوردستان، تیشك دەخاتە سەر ئەوەی، كە هێشتا ئافرەتانی كوردستان سەدا سەد نەگەیشتوونەتە مافەكانی خۆیان، پێشی وایە هەنگاو بە هەنگاو دەبێت ژینگەیەكی ئارام دروست بكەن، تا ئەم ئەزموونە بەردەوام بێت.
ئەو پەیامیشی ئەوە بوو، كە دەبێت حزبە كوردستانییەكان بزانن، كە دیموكراتییەت ناچەسپێ، تا رۆڵی گرینگ بە ئافرەتان نەدرێت، ئازادی ناچەسپێ، تا مافەكانی ئافرەتان نەدرێت، هاوكات لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمیشدا رۆڵی زیاتر بە ئافرەتان بدرێت و پێگەی گرینگیان پێ بسپێردرێت.
kdp-
