"نزیكەی ١٠٠ پڕۆژەی دیکە دەكەونە واری جێبەجێكردنەوە"
زانا عوزێری، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن دەڵێت: "هەفتەی داھاتوو لیستێكی دیكەی پڕۆژەكان لە بواری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە وەزارەتی پلاندانانەوە دەگاتە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ ئەوەی لە مانگەكانی داھاتوودا بكەونە واری جێبەجێكردنەوە، كە ژمارەیان نزیكەی ١٠٠ پڕۆژە دەبێت و ھەموو ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، پێشتریش پلان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان دانراوە و لە لایەن وەزارەتی پلاندانانیشەوە پەسەند كراوە."
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پارەی پێویست بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان كراوە و ھیچ كێشەیەك لە دابینكردنی پارەدا نابێت، چونكە ئێمە پێشبینی دەكەین ئەمساڵ ڕەوشی داراییی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زۆر باشتر بێت و ساڵی ڕابردووش ھەندێ پڕۆژەمان دەست پێ كردەوە".
لەبارەی پڕۆژەی ستراتیژییەوە، عوزێر ڕوونی كردەوە: "پڕۆژەی ستراتیژییش لە پلانی وەزارەتدا ھەن، وەك ڕێگەی سەرەكیی ھەولێر_دھۆك، كە ئێستا لە ناحیەی ڕۆڤیا كاری تێدا دەكرێت بۆ پردی گۆپالە و لە ھەولێریش دەست پێ دەكات، كۆمپانیای ٧٧یش بڕیاری داوە ھەر ئەمساڵ پردی گۆپالە تەواو بكات."
kdp-
