كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق: لە شنگال 76 گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراونەتەوە
بەپێی راگەیاندنراوێكی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی عێراق لە زاری فاتن عەبدولواحید، كۆمیسیار لە كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق و ئەندامی لێژنەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانەوە ڕای گەیاندووە، كۆی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی شنگال 76 گۆڕی بەكۆمەڵە كە 9 لەو گۆڕە بە كۆمەڵانە لەم چەند رۆژەی رابردوودا دۆزراونەتەوە و ئەوانی دیکەشی دوای نەمانی داعش لەو ناوچەیە دۆزرانەتەوە.
ئەوەشی ڕاگەیاندووە كە لەكاتی داگیركردنی شنگال لەلایەن داعشەوە ئەو بێتاوانانە شەهید كراون و پاشان لەو گۆڕە بەكۆمەڵانەدا نێژراون و ئێستا دەست كراوە بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەكۆمەڵی دیکە لە سنووری گوندی "كۆجۆ"ی سەر بە شنگال کە سێ گۆڕی بەکۆمەڵی تێدایە و تەنیا لەو گوندە زیاتر لە 300 کوردی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە شەهید کران.
لە مانگی ئابی 2014 دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، تیرۆریستانی داعش شاری شنگال و دەوروبەریان داگیر كرد و لە ماوەی داگیركرنیدا هەزاران هاووڵاتیی كوردانی ئێزدییان شەهید كرد و لە گۆڕی بە كۆمەڵ شادیاننەوە و سەدانی دیکەشیان لەگەڵ خۆیان بردن و ئیستاش کۆمەڵێکی بەرچاویان بێسەروشوێنن.
باسنيوز
