چەند باڵێکی یەکێتی نایانەوێ بابەتی پۆستەکان ببرێتەوە نێو ئەنجومەنی سەرکردایەتی
هەریەک لە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی و گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و گرووپەکەی بەرهەم ساڵح، ترسیان لەوە هەیە کە لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیدا بە دەنگدان، باڵی کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی حزبەکە، زۆرینە بهێنن و کاندیدەکانیان سەر بخەن، بۆیە نایانەوێ یەکلاکردنەوەی پۆستەکان ببرێتەوە نێو ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی.
لەو چوارچێوەیەدا، بڕیار بوو لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆببێتەوە و لەبارەی کاندیدەکان گفتوگۆ بکات، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ دوای پشووەکانی نەورۆز دواخراوە.
لەمبارەیەوە نەسروڵا سورچی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕايگەیاند: ”نازانم ئەنجومەنی سەرکردایەتی چ کاتێک کۆدەبێتەوە، بەڵام لە ھەموو حاڵەتێکدا ئەگەر پێشتر ئاگادار بکرێینەوە، ئێمە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکەین و گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکانەوە دەکەین".
پێشتر کاوە محەمەد ئەمین، پەرلەمانتاری پێشووتری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕايگەیاندبوو، یەکلابوونەوەی بڕیارەکان لەناو یەکێتی لەگەڵ پارتیدا جیاوازە، چونکە ساغکردنەوەی بڕیار لەنێو ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیدایە و ”ئەوەش ئاستەمە“.
هەوڵەکانی یەکێتی بۆ گرژکردنی دۆخی سیاسیی کوردستان و لێدوانە توندەکانی گوتەبێژەکەی، بەو ئامانجەیە کە لە دەرەوەی حزبەکەدا وانیشان بدرێت کە دواکەوتنی یەکلابوونەوەی پۆستەکان، بۆ ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی دەگەڕێتەوە هەرچەندە ڕێککەوتنی سیاسییان لەنێو دایە. ئەمەش لە پێناو داپۆشینی ململانێ ناوخۆییە سەرەکییەکە لە سەر پۆستەکانی یەکێتی لە حکوومەت.
باسنيوز
