هه‌سه‌ده: له باغۆزدا 60 هه‌زار كه‌س خۆیان راده‌ست كردووه
هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده) رایگه‌یاند، تا ئێستا 60 هه‌زار كه‌س له دوایین مۆڵگه‌ی داعش له رۆژهه‌ڵاتی فورات، خۆیان راده‌ستی هێزه‌كانیان كردووه.
هه‌سه‌ده راشیگه‌یاند، له ناو ئه‌و كه‌سانه‌ی له باغۆز هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه، 5 هه‌زار كه‌سیان چه‌كداری داعش بوون.
وته‌بێژی هه‌سه‌ده، كینۆ جبریل، رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی گه‌مارۆی باغۆزیان داوه تا ئێستا 29 هه‌زار و 600 كه‌س له‌و ناوچه‌یه هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه و خۆیان راده‌ستی هه‌سه‌ده كردووه و زۆربه‌شیان خێزان و كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعش بوون.
گوتیشی: هێزه‌كانمان توانیویانه 34 هه‌زار هاووڵاتی مه‌ده‌نی له ناوچه‌كه رزگار بكه‌ن.
روونیشیكرده‌وه، له ئاكامی هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر چه‌كدارانی داعش و بۆردومانی فڕۆكه‌كان، 1306 چه‌كدار كوژراوون.
ئاشكراشیكرد، له شه‌ڕی باغۆزدا 82 شه‌ڕڤانی هه‌سه‌ده گیانیان به‌ختكردووه و 61 شه‌ڕڤانیش بریندار بوون.
وته‌بێژه‌كه‌ی هه‌سه‌ده ئه‌وه‌شی گوت: 520 چه‌كداری داعش له چه‌ند ئۆپراسیۆنێكی تایبه‌تدا ده‌ستگیركراوون.
هه‌سه‌ده ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی رزگاربووی ژێر ده‌ستی داعشی له كه‌مپی "ئه‌لهۆل" له باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا نیشته‌جێ كردوون و تا ئێستا ژماره‌ی دانیشتوانی كه‌مپه‌كه گه‌یشتووه‌ته 67 هه‌زار كه‌س و 90 له سه‌دیان منداڵ و ژنن.
k24-
