جێگرى سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە سەرۆكی ڕێكخراوی كۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ كاروباری یوئێن كرد
لە دیدارەكەدا پاولۆ براگاگنا، سەرۆكی ڕێكخراوی كۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ كاروباری نەتەوە یەكگرتووەكان، وێڕای پیرۆزباییكردن لە جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بە بۆنەی دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەی، پوختەیەكى سەبارەت بە كاروبارەكانی ڕێكخراوەكەیان و هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەڵمانیای لە ڕابردوو و ئێستادا باس كرد.
هەر لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاس و ستایشی خۆیانیان پێشكەشی هەرێمی كوردستان كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و ڕایانگەیاند: "هەموو جیهان قەرزاری هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، ئەگەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێشی لە هێرشە فراوانەكانی داعش نەگرتبا، ئێستا جیهان لە مەترسیی كردەوە تیرۆریستییەكانیاندا دەبوو، بۆیە هیواخوازین هاوكارى و هەماهەنگییەكان بەردەوام بن و هەوڵەكان چڕتر بكرێنەوە بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا پاولۆ براگاگنا، سەرۆكی ڕێكخراوی كۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ كاروباری نەتەوە یەكگرتووەكان، ئاماژەی بە ئامادەكاری بۆ كۆنفڕانسێك كرد لە وڵاتی ئەڵمانیا دەربارەی پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بە بەشداریی كەسانی پسپۆڕ و شارەزایانی سەربازی و ئەكادیمی و بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشتی فەرمیی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانی كرد بۆ بەشداربوون لەو كۆنفڕانسە كە بڕیارە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ لە ئەڵمانیا بەڕێوە بچێت.
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، دوای بەخێرهێنانی شاندی میوان بۆ پەرلەمانی كوردستان، جەختی لەسەر پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان گەلى كورد و حكوومەتی هەرێمى كوردستان و گەل و حكوومەتی ئەڵمانیا كردەوە و ڕایگەیاند: "سوپاسى گەل و حكوومەتی ئەڵمانیا دەكەین بۆ ئەو هاوكاری و هەماهەنگییانەی كە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە كردوویانە لە ڕووی مەشقپێكردن و هاوكاریی سەربازیییەوە كە ڕۆڵی سەرەكی و كاریگەریان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا".
لە كۆتاییی دیدارەكەدا، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پوختەیەكى سەبارەت بە كار و چالاكییەكانی پەرلەمانى كوردستانى باس كرد و ڕایگەیاند: "هیوادارین ئەو هاوكارى و هەماهەنگییانە بەردەوام بن، هەروەها بە حوكمى ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندەى كارى پەرلەمانی لە وڵاتی ئەڵمانیا، هەوڵ بدرێت بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی ئەڵمانیاى فیدڕاڵدا، بەتایبەت بۆ سوودوەرگرتن لە كارى لیژنەكانى پەرلەمان".
kdp-
