قوربانیانی كۆمهڵكوژییهكهی كۆچۆ به شههید ههژمار دهكرێن
١٥ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان، یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی کە لەسەر دەستی داعش کۆمەڵکوژ کرابوون، ھەڵدرایەوە.
سەبارەت بەم پرسەش، بەرەڤان حەمدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی بڕیار درا بە ھەڵدانەوەی یەکەم گۆری بەکۆمەڵ، یەکەم گۆڕ کە دەست بە ھەڵدانەوەی کرا لە گوندی کۆچۆ بوو، ھەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەش کاتی پێویستە، تاوەکو ئێستاش ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەردەوامە."
پێش ھێرشی داعش، ژمارەی خێزانەکانی کۆچۆ نزیکەی ٣٤٠ خێزان بوون کە نزیکەی ١٦٠٠ کەس دەبوون. لە ھێرشەکەی داعشدا نزیکەی ٥٢٠ پیاو و ٥١٠ ژن کوژران و بێسەروشوێن بوون و نزیکەی ٣٠٠ پیاو و ٢٧٠ ژنیش ڕزگاریان بوو.
بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراون ئاماژەی بەوەش کرد: "ھەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە لە ناوچەی شنگاڵ بەردەوام دەبێت، تەنیا لە کۆچۆ شەش گۆڕی بەکۆمەڵی لێیە، بۆیە تا یەکەم گۆڕ تەواو نەکرێت دەست بە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکە ناکرێت."
وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا ڕێک کەوتوون لەسەر ئەوەی ئەوانەی کوژراون بە شەھید ھەژمار بکرێن.
پەیوەست بەم قوربانیانە، ناوبراو ئاشکرای کرد: "خۆی ئیدارەی شنگاڵ سەر بە پارێزگای مووسڵە، بۆیە ڕاستەوخۆ دەچێتەوە سەر بەغدا، خۆی ئەگەر ئیدارەکەی سەر بە ھەرێم بـێت ئەوکات دەچێتە سەر کوردستان، چونکە ئێستا ناکۆکیی ئیداری ھەیە، بەڵام تەنسیق و ھەماھەنگیمان ھەیە لە چوارچێوەی ئیدارەدانی ئەو ناوچانە."
حەمدی جەختیشی لەوە کردەوە: "ئەوانەی بە کردەوە تیرۆرستییەکان شەھید بوونە بەپێی یاسا شایستە داراییەکانیان بۆ جێبەجێ دەکرێ، ھەروەھا ھەریەک لەو گۆڕە بەکۆمەڵانە کە ھەڵدرایەوە و سەلمێندرا ئێزدییە و لە فڵان خێزانە، ئەوە ڕاستەوخۆ بە شەھید لەقەڵەم دەدرێت و مووچە و شایستە داراییەکانی پێ دەبەخشرێت."
کۆچۆ یەکێکە لە گوندەکانی سنووری شنگال و ٢٣ کم لە باشووری ڕۆژئاوای شارەکەوە دوورە، لە ٣-٨-٢٠١٤دا و لە کاتی ھێرشی داعشدا بۆ سەر باشووری کوردستان، گوندی کۆچۆ لە لایەن داعشەوە کۆنتڕۆڵ کرا و دواتر چەکدارەکانی ئەو ڕێکخراوە کۆمەڵکوژییان لە گوندەکە ئەنجام دا.
kdp-
