باڵیۆزی عێراق و نوێنەری پارتی جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان دەکەنەوە

باڵیۆزی عێراق و نوێنەری پارتی جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان دەکەنەوە
بە مەبەستی پیرۆزبایی لە باڵیۆزی نوێی عێراقی فیدراڵ لە قاهیرە، شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە وڵاتی میسر، سەردانی دکتۆر ئەحمەد نایف دلێمیی کرد.

شێرکۆ حەبیب بە مەبەستی پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبکاربوونییەوە هیوای سەرکەوتنی لە کارەکانیدا بۆ خواست، هەروەها ئامادەییی دەربڕی بۆ هەموو هاوکارییەک بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری ڕەوەندی عێراقی بەبێ جیاوازی لە نیوان پێکهاتەکانی عێراقدا، هەروەها پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان هەردوو گەلی عێراق و میسردا، نوێنەری پارتی ئاماژەی بە چارەسەکردنی گرفت و کێشەکانی نیوان بەغدا و هەرێم کرد و هیوای خواست کە ئەو گرفتانە کۆتایییان پێ بێت و بەگوێرەی دەستوور چارەسەر بکرێن، لە لایەکی دیکەوە ئاماژەی بە دید و بۆچوونی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی کرد بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، کە هەردەم لەگەڵ ئەوەدان بەگوێرەی دەستوور و لێکتێگەیشن گرفتەکان چارەسەر بکرێت.

باڵیۆز ئەحمەد دلێمی، خۆشحاڵیی بۆ ئەم سەردانە دەربڕی و سوپاسی نوینەری پارتی کرد و ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی گەلی کوردستان کرد، بەتایبەتی لە کاتی شەڕی دژی تیرۆر و لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکانی شارەکانی عێراق، لە لایەکی دیکەوە ئامادەییی خۆی نیشان دا بۆ هەموو هاوکارییەک و پتەوکردنی پەیوەندییەکان.

لەو دیدارەدا باسی چەندین ڕا و بۆچوون کرا. جێگای باسە باڵوێزی عێراق لە ١٤ی ئەم مانگەدا بەفەرمی دەستبەکار بوو.
kdp-
Top