ئەردۆغان ژمارەیەک سەرکردەی ئیخوان موسلیمین رادەستی میسر دەکاتەوە
مستەفا بەکری، پەرلەمانتار و سەرنووسەری رۆژنامەی (ئەلئسبوع)ی میسری لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە، سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین رۆژێک لە رۆژان دادگایی دەکرێن، ”زوو بێ یان درەنگ“.
مستەفا بەکری هەروەها رایگەیاندووە، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لەماوەی ئەمساڵدا 12 ئەندامی دەستگیرکراوی ئیخوان موسلیمین رادەستی میسر دەکاتەوە و دادگایی دەکرێن.
ئەو لێدوانەی ئەو پەرلەمانتارە میسرییە دوای ئەوە دێت، کە هەفتەی رابردوو دەستگیرکرانی 12 ئەندامی ئیخوان موسلیمینی میسر لە تورکیا راگەیەندرا و دەنگۆی ئامادەکاری بۆ رادەستکردنەوەیان بە میسر، بڵاو بووەوە.
دوای کودەتای عەبدولفەتاح سیسیی وەزیری بەرگریی میسر بەسەر محەمەد مورسیی سەرۆک کۆماری پێشووی میسر، ئیخوان موسلیمین وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندرا و بەشێکیان رایانکرد بۆ تورکیا، چونکە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیا، کە ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە.
عەبدولفەتاح سیسی، کە وەزیری بەرگریی میسر بوو، دوای ئەوەی بە دەسەڵاتی سوپا و بە کودەتایەک محەمەد مورسی، سەرۆک کۆماری میسری لە ساڵی 2013 وەلا نا، دەسەڵاتی میسری بەدەستەوە گرت و رەوتی ئیخوان موسلیمینی خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و محەمەد مورسیی سەرۆک کۆماری لەکارلادراوی وڵاتەکەی و ژمارەیەک سەرکردەی ئەو رەوتەشی خستە زیندان.
باسنيوز
