هەڵەبجەییەکان داوای ئاشکراکردنی نهێنیی ئازادکردنی فڕۆکەوانێک لە یەکێتی دەکەن

هەڵەبجەییەکان داوای ئاشکراکردنی نهێنیی ئازادکردنی فڕۆکەوانێک لە یەکێتی دەکەن
دوای تێپەڕبوونی چەندان ساڵ بەسەر ئازادکردنی بە بڕیاری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەڵەبجەییەکان داوا لە یەکێتی دەکەن، هۆکاری ئازادکردنەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات.

تاریق رەمەزان، فڕۆکەوانێکی عێراقیی بە ڕەگەز تورکمان، یەکێک لە تاوانبارە سەرەکییەکانی کۆمەڵکوژیی ھەڵەبجە کە بەشداربووە لە کیمیابارانکردنی شارەکە، لە ٢٠٠٥ لەلایەن ئاسایشی یەکێتییەوە لە کەرکووک دەستگیر کرا، لە ساڵی ٢٨ی ١٠ی ٢٠٠٨دا بە نهێنی ئازاد کرا. پاشان تاریق رەمەزان لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد کە بە فەرمانی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی ئازاد کراوە. تاوەکوو ئێستاش هۆکاری ئازادکردنەکەی پرسیارە لای خەڵکی هەڵەبجە.

لەمبارەیەوە رێبین رەحیم، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری ھەڵەبجە ڕایگەیاند: ”گرنگترین پرسیارێک کە پێوویستە لە ساڵیادی ھەڵەبجەدا بکرێت، ئەوەیە کە کێ تاریق ڕەمەزانی فڕۆکەوانی بۆردومانکەری ھەڵەبجەی ئازاد کرد؟ کێ ئەو دەسڵاتەی پێدابوون کە ئەو تاوانبارە گەورەیە ئازاد بکەن؟“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ئازادکردنەکە ”لووتکەی سووکایەتی و ئەوپەڕی بێڕێزیکردنە بە خوێنی شەھیدانی ھەڵەبجە“. بۆیە پرسیاری ئەوەی کرد کە ئاخۆ تاکەی هەڵەبجەییەکان و کەسوکاری قوربانییان، ئەم ”سووکایەتی و بێڕێزیکردنە“ قەبووڵ دەکەن؟

بۆیە داوای کرد کە لانی کەم، هۆکاری ئازادکردنی تاریق رەمەزان لەلایەن یەکێتییەوە ئاشکرا بکرێت و بەپێویستیشی زانی کە دووبارە دۆسیەکە بجووڵێندرێتەوە.

هەر لەمبارەیەوە ئەیاد کاکەیی، پارێزەری خۆبەخش لە چەندان کەیسی تایبەت بە قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە و سەرۆکی لقی ھەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ڕایگەیاند: ”تاریق رەمەزان و وەفیق سامەڕایی تۆمەتبارن و دەبێت دادگایی بکرێن، هێشتا دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دانەخراوە و بەردەوامە، جاران وەک دادگایەکی سەربەخۆ بوو، بەڵام ئێستا خراوەتە سەر ئەنجومەنی دادوەری، لە دۆسییەیەکدا ناوی تاریق رەمەزان وەک تۆمەتباری ھەڵاتوو ھەیە، ئێستاش دەکرێت لە رێگای ئینتەرپوولەوە بھێنرێتەوە".

ئەوەشی نەشاردەوە کە ”ئێمە دەتوانین شوێنەکانیان بدۆزینەوە، بەڵام ئیرادەیەک نییە بۆ گەڕاندنەوەیان“. گوتیشی: ”دەبێ عێراق ھاوکار بێت بۆ دەستگیرکردنەوەی تاریق رەمەزان“.











باسنیوز
Top