هێڤیدار ئەحمەد: پێکهێنانی حکوومەت بدرێتە یەکێتی بە هەشت ساڵیش ناتوانن خۆیان یەکلا بکەنەوە"
هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی ڕاگەیاند: "یەکێتی کە لەناو خۆیدا یەکێتی نییە پارتی لە 7/12/2018، کۆبوونەوەی لەگەڵ کردوون، ئێستا دەڵێن حکوومەتی (50بە50)مان ناوێ، بەڵام دەبێ لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی حکوومەت، دارایی، دەزگا ئەمنییەکان و ئەوانی تر هاوبەشین، لەکاتێکدا کورسییەکانی یەکێتی هێندە نییە کە هاوبەشی ئەم هەموو دەسەڵاتە بێت، ئێمە چی بکەین کە خەڵکی کوردستان دەنگی بە یەکێتی نەداوە؟“.
گوتیشی: "یەکێتی وا مامەڵە دەکات کە 45 کورسی هەبێ و پارتی 21 کورسی هەبێ، پارتی بچێ داوای پۆستی لێ بکات، ماقوڵ نییە یەکێتی داوای شتی گەورەتر لە خۆی بکات“.
ڕوونیشیکردەوە، یەکێتی لەناو ماڵی خۆی کە مەکتەبی سیاسییە ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی کردووە و بەفەرمی ڕایگەیاندووە، بۆیە بڕواناکەین لێی پەشیمان ببێتەوە و ئومێدمان وایە بێن.
ڕاشیگەیاند: "وڵات لەسەر حزبێک کە لەبری شەڕی بەڕێوەبردن شەڕی پۆست بکات پەک ناخەین، لە 18ی مانگەوە کۆبوونەوەی پەرلەمانمان دواخست تەنیا لەبەر ئەوەی یەکێتی بڵێ ئەوە کاندیدەکەمانە بۆ سەرۆکی پەرلەمان، کەچی لە ناوخۆیاندا ڕێکنەکەوتن".
جەختیشیکردەوە" ئەگەر پارتی و هەموو حزبەکانیش لە بابەتەکە بێنە دەرەوە و بە یەکێتی بڵێن فەرموو ئێوە حکوومەت پێکبهێنن، جگە لەم چوار ساڵە چوار ساڵی دیکەش زیاد بکرێ، ئەوا یەکێتی لەناو خۆیاندا لەسەر پۆستەکان ڕێکناکەون".
باسنیوز
