كۆیه‌.. ته‌قه‌ له‌ بازرگانێك ده‌كرێت و بریندار ده‌كرێت

كۆیه‌.. ته‌قه‌ له‌ بازرگانێك ده‌كرێت و بریندار ده‌كرێت
هاووڵاتییەکی تەمەن 49 ساڵ بە ناوی (ف. ک. م) کە بە گوتەی خۆی بازرگانە و پێشانگای ئۆتۆمبێلی هەیە، لە سنووری قەزای کۆیە تەقەی لێدەکرێ و بریندار دەکرێ، پۆلیسیش دەڵێت: "بەوتەی خۆی 450 هەزار دۆلاریشی لێ سەنراوە".

عەمید عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری پۆلیسی کۆیە راگەیاند، ئەو کەسە کە بە گوتەی خۆی بازرگانە لەدانپێدانانەکان ئاماژەی بەوە کردووە، لە سلێمانیەوە بەرەو هەولێر بەڕێوەبووە، بەڵام ئۆتۆمبێلێك دوای کەوتووە و ئەویش هەر لەڕێگا کەسوکارەکەی لەوە ئاگادار کردووه‌تەوە.

دوای ئه‌وه‌ی گەیشتووه‌تە سنووری قەزای کۆیە، تەقەی لێکراوە و فیشەکێك بە سنگیەوە كه‌وتووه‌ و باری تەندروستی تێكچووه‌، بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ریش، به‌ره‌و نەخۆشخانەکانی هەولێر به‌ رێكراوه‌.

بە گوتەی بەڕێوبەری پۆلیسی کۆیە، ئەو کەسە بەتەنها بووە و زانیارییانەش ئەوانەن کە لە خۆیەوە وەرگیراون، ئەوان تاکو ئێستا دڵنیانین لەدروستی زانیارییەکان.

پۆلیس ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، لەگەڵ ئەوەی دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردووە و پەڕاوی لێکڵینەوەیان کردۆتەوە، بەڵام گومانی خۆیان لە رووداوەکە نەشاردەوە.

بەڕێوبەری پۆلیسی کۆیە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو بازرگانە ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل بەرزی بەنرخێکی گران بەها پێبووە، لە رێگاش ئەوکاتەی بە گوتەی خۆی کە دوای کەوتوون چەندین گوند و ئاوەدانی هاتووه‌تە سەر رێگا بۆچی لاینەداوە و خەڵک ئاگادار بکاتەوە، تەنانەت بازگەی ئەمنی لەنزیکییەوە بووە، بەڵام ئەو لاینەداوە.

جەختی لەوەش کردەوە هێزەکانیان ئێستا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
k24-
Top