هه‌ولێر و به‌غدا له‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌ركووك نزیك ده‌بنه‌وه‌

هه‌ولێر و به‌غدا له‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌ركووك نزیك ده‌بنه‌وه‌
هەولێر و بەغدا لە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی کەرکووك نزیکبوونەتەوە، ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی راگه‌یاند، کێشەکان روو لە چارسەر دەکەن، بەڵام بۆ چارەسەری کۆتایی پێویستە کورد یەکماڵ بێت، چونکە ئەوە کورد بەهێزتر دەکات.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەش دووپاتی دەکاتەوە، هەولێر و بەغدا لەسەر بابەتەکانی کەرکووك و گەڕانەوەی پێشمەرگە نزیکبوونەوەی بەرچاویان لە نێواندا هەیە، بە جۆرێك قۆناخی قەیران تێپەڕیوە و لە قۆناخی چارەسەردان.

گفتوگۆی ئاشکرا لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر کەرکووك دەستیپێکردووە، پارتی کە لە ماوەی رابردوودا زۆرترین قسەی لەسەر رەوشی کەرکووك هەبووە، ئێستا گەشبینە بە چارەسەری کێشەکان، وەك ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی ئەو حزبە دەڵێت: "عادل عەبدولمەهدی دەتوانێت دەروازەبێ بۆ چارەسەر بەو مەرجەی کوردیش لە نێوخۆیدا یەکگرتوو بێت".

ئەو گەشبینییە لە بەغداش بەدی دەکرێت، بە تایبەتیش لای ئەو لایەنانەی کە نزیك و پاڵپشتی حکوومەتەکەی عەبدولمەهدین، ئەندامێكی مەکتەبی سیاسی رەوتی حیکمە نایشارێتەوە، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر کەرکووك زۆریان بڕیووە و کەمیان ماوە.

رەزا جەواد تەقی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی رەوتی حیکمەی نیشتمانی, ده‌ڵێت: "ئەو کاتەی بەڕێز عەبدولمەهدی سەرۆکایەتی وەزیرانی وەرگرت هەموو پرسەکان روویان لە چارەسەرکرد، ئەمە بە شاهێدی هەردوولایەن واتە هەولێر و بەغدا، ببینن پرسی مووچە و بودجە چارەسەرکرا و پرسی پیشمەرگە و کەرکووکیش ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و رووی لە چارسەرە".

له‌ باره‌ی پرسی كه‌ركووكیشه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئێستا بەغدا لەو بڕوایەدایە کە دەبێ لەو شارە هاوسەنگی هەبێت و هەموو پێکهاتەکان بەشداری چارسەر بن، دووبارەی دەکەمەوە ئێمە ئێستا قۆناخی قەیرانمان جێهێشت و لە قۆناخی چارەسەرداین".

لەگەڵ نزیكبوونەوی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕێ ده‌كرێت كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غداش به‌ره‌و كرانه‌وه‌ بچن و به‌شێكی نوێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ده‌ستپێبكات.
k24-
Top