یەکێتیی بەڵێندەران: لەم حەفتەیەدا ١٠٠ ملیۆن دۆڵارەکە خەرج دەکرێت
دوای ئەوەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییی حکوومەتی ھەرێم بڕیاریان دا بە خەرجکردنی ١٠٠ ملێۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان، ئەم ھەنگاوی پێدانی پارەیە بە گرنگ و جێی دڵخۆشی بەڵێندەران دەزانێت."
د. سەرۆ دزەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەم حەفتەیەدا وەزارەتی داراییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران خەرج دەکات، بە داناوەی ئەو قەرزەش دەتواندرێ پرۆژە تەواونەبووەکان دەست پێ بکەنەوە."
دزەیی گوتیشی: "بە ھۆی ئەو قەیرانە ئاڵۆزەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەتواندرا شایستە داراییەکانی بەڵێندەران لە کاتی خۆیدا بدرێت بۆ ئەوەی پرۆژەکانیان تەواو بکەن، بە پێدانی ئەم پارەیەش نەفەسێک دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە قورسەی کە تێیدا بوون."
سەبارەت بە کۆی گشتیی پرۆژە تەواونەبووەکان، سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان دەڵێت: "لە ھەرێمی کوردستان ٣٠٠٠ پرۆژە ڕاوەستاون، لەو ڕێژەیەش ١٢٥٠ پرۆژە لە ھەولێرن، ئەو پرۆژانە پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتییان و پێویستە دەست بە تەواوکردنیان بکرێتەوە."
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات: "ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، وای کرد ئەو کێشانەی لە نێوان ھەولێر و بەغدایە چارەسەر بکرێت و توانرا پاشەکەوتی مووچەش ھەڵبگیرێت، چونکە لابردنی پاشەکەوتی مووچە کاریگەریی زۆر ئەرێنیی دەبێت و پڕۆژەی زیاتریش لە کوردستان جێبەجێ دەکرێن."
kdp-
