پارتی: هەفتەی داهاتوو پەرلەمان دەست بە کارەکانی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم دەکا
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند، دەرفەتێکی گرنگ لەبەردەم حزبەکان هەیە بۆ ئەوەی زوو کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێندرێت.
ڕوونیشی کردەوە: ”دەبێ پەرلەمان یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کارابکاتەوە، کە یاساکە ھەموار کرایەوە، بەپێی ناوەڕۆکی یاساکە، سەرۆکی ھەرێم مامەڵە دەکات، دوای ئەوەی ھەڵبژێردرا، سەرۆک وەزیران ڕادەسپێدرێت کە حکوومەت دروست بکات، بەربژێری سەرۆک وەزیرانیش دەست دەکات بە پرۆسەی پێکھێنانی حکوومەت، رەنگە ھەفتەی داھاتوو پەرلەمان کۆببێتەوە و دەست بکات بە کاری خۆی و یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانیش ھەموار دەکرێتەوە“.
بە بڕوای سیوەیلی، ڕێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی ”کاریگەرییەکی زۆر دەخاتە سەر پێکهێنانی حکوومەت و پرۆسەی دانوستاندنی حزبەکان“. گوتیشی: ”بۆ پشکەکانی یەکێتی و حزبەکانی دیکە، سەرۆک وەزیران بەرپرسیار و کەسی یەکەمە لە دیاریکردنی کەسەکانی ناو حکوومەت. ئەمەش دوای ئەوەی حزبەکان بەربژێری خۆیان پێشکەش دەکەن، بەڵام وەک سەرۆکی حکوومەتی داھاتووی کوردستان، رۆڵی دەبێت لە دیاری کردنی کاراکتەرەکانی ناو حکوومەت".
باسنيوز
