دەوامی فەرمانبەران لە زۆربەی وەزارەتەکانی حکوومەت زیاد دەکرێت
ڕۆژی هەینی ٨ی ئاداری ٢٠١٩، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و تێیدا بڕیاری هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە دەرکرا. لە کاتێکدا پێشتر بەهۆی پاشەکەوتکردنی بەشێک لە مووچە و بە مەبەستی کارئاسانیکردن بۆ فەرمانبەران، کاتژمێر و ڕۆژەکانی دەوامکردنی فەرمانبەران کەم کرابووەوە و بە گشتی فەرمانبەران هەفتەی ڕۆژێک (ئۆف)یان پێ درابوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی ئاداری ٢٠١٩، بەڕێوەبەرانی گەنجینەی هەولێر کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئەنجام داوە و تێیدا لەلایەکەوە چۆنیەتیی بە خێرایی وردبینیکردن لە لیستە تازەکانی مووچەی فەرمانبەرانی خستووەتە ڕوو، هەروەها پێی ڕاگەیاندوون کە ئەو ئاسانکارییانەی لە ماوەی ڕابردوودا بۆ دەوامی فەرمانبەران کراوە، لە ڕۆژێک ئۆف و کەم کردنەوەی کاتەکانی کارکردن، هاوشێوەی پێش قەیرانی داراییان لێ دەکرێتەوە.
هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕايگەیاند کە وەزارەتەکە بە نیازە ”بە نووسراوێک“، داوای نەهێشتنی ڕۆژانی ئۆف و هەروەها زیادکردنی کاتژمێرەکانی دەوامکردن لە ٨ی بەیانی تا ٣ی پاش نیوەڕۆ بکات.
هەر ئەمڕۆ بەشێک لە وەزارەتەکان نووسراویان دەرکردووە و فەرمانی زیادکردنی کاتژمێر و ڕۆژانی دەوامکردنیان بە فەرمانبەرانیان داوە.
باسنيوز
