گوتەبێژی پارتی: چاوەڕێین هەڤاڵانی یەکێتی خۆیان ساخ بکەنەوە

گوتەبێژی پارتی: چاوەڕێین هەڤاڵانی یەکێتی خۆیان ساخ بکەنەوە
گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە چاوەڕێ دەکەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ”خۆیان ساخ بکەنەوە“، تاوەکوو دەست بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.

کەمێک لەمەوبەر، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی، لە پرێس کۆنفرانسێکی دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حزبەکەی، ڕای گەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە دۆخی هەرێمی کوردستان و ڕەوتی ململانێ نێودەوڵەتییەکان لە سەر ناوچەکە و کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕێککەوتنەکانی پارتی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کراوە.

لەبارەی هۆکاری وەستانی گفتوگۆکان لەم چەند ڕۆژەدا، گوتەبێژی پارتی ڕای گەیاند: ”چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە هەڤاڵانی یەکێتی خۆیان ساخ بکەنەوە. چونکە لە گفتوگۆکانمان ئەوە بوو کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان تەواو بکرێت و ئەوان کاندیدی خۆیان دیاری بکەن. دواتر کارە پێویستەکان بۆ یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکرێت. ئێستا پەرلەمان لەبەردەمیەتی کە لێژنەکانی خۆی دابمەزرێنێت. پێویستە ئەندامانی یەکێتی لە کۆبوونەوەکان بەشداری بکەن. پاشان بۆ تەسمیەکردنی سەرۆکی کابینەی داهاتووی حکوومەت و دواتر ڕاسپاردنی کار بکرێت“. دووپاتیشی کردەوە کە هەوڵ دەدەن لەم چەند ڕۆژەدا لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە کۆببنەوە، هەرچەندە ”بڕیار بوو کۆبوونەوەی خۆیان بکەن و دواتر ئاگادارمان بکەنەوە، وابزانم هێشتا کۆنەبوونەتەوە، کات زۆر تێپەڕیوە و کات تێپەڕینیش بە زیانی پرۆسەکەیە“.

مەحموود محەمەد ئاشکرای کرد: ”بۆ بابەتی بەغدا، هەوڵێکی جددی هەیە کە دۆخەکە ڕێک بخرێتەوە و ڕێککەوتنێک لە نێوان پارتی و یەکێتی هەبێت بۆ ئەو بابەتە، ئەمە بەشێک بووە لەو گفتوگۆیانەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ کۆسرەت ڕەسووڵ کردوویەتی، هەروەها بابەتی کەرکووکیش باس کراوە و دەمێنێتەوە سەر ڕێککەوتن لەسەریان“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە بابەتی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، لە دووەم یان سێیەمین کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی و یەکێتیدا باس کراوە و ”چاوەڕێی ئەوانین و بە کاتی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردراوە. ئەوان بڕیار دەدەن و لەم چەند ڕۆژەدا خۆیان یەکلا دەکەنەوە“.

گوتەبێژی فەرمیی پارتی بە پێویستی دەزانێت، ”کابینەیەکی بەهێز درووست بکرێت تاوەکوو کێشەکانی کە لەگەڵ بەغدا هەیە، چارەسەر بکرێن“.

لەبارەی بەشداریکردنی کۆمەڵی ئیسلامی لە حکوومەت، مەحموود محەمەد گوتی: ”کاتێک لەگەڵ کۆمەڵ کۆبووینەوە، ڕەغبەتی ئەوەمان نیشان دا کە بەشدار بن لە کابینەی حکوومەتدا، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە، لێرە و لەوێ لە میدیادا شت دەڵێن، بەڵام ئەوان ڕاستەوخۆ نەیانگوتووە کە دێن یان نایەنە ناو حکوومەت، بابەتەکە لای ئەوانە نەک لای ئێمە“.










باسنيوز
Top