چەپەکانی کوردستان خۆیان یەک دەخەنەوە و لە ھەولێر یەکەم کۆبوونەوەی فراوانیان بەڕێوە برد
حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، رێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی، بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و چەندین کەسایەتی و نووسەر و مامۆستای زانکۆ و ھەڵسووڕاوی چەپ و کۆمۆنیست دوێنێ لە شاری ھەولێر کۆبوونەوە، بەپێی زانیارییەکان چەپەکان بەنیازن لە سەرەتادا کاری ھاوبەش بە یەکەوە بکەن و بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستان بە یەک بەرە کاری خۆیان بکەن.
(ئەبوو کاروان)، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیووعی کوردستان، لەمبارەوە بۆ (باسنیوز) گوتی: "کۆبوونەوەیەکی فراوانی چەپەکانی کوردستان بوو و قسەمان لەسەر پرسە ھاوبەشەکان بوو بۆ کۆبوونەوەی داھاتووش دەبێت دوو خاڵ باس بکرێت، یەکەم: ئیدامە بە کۆبوونەوەی چەپەکان بدرێت و بەردەوامییان ھەبێت، دووەم پرسە گرنگەکانی کوردستان کۆمان بکاتەوە وەک گوزەرانی خەڵک و چینی فەقیر و کرێکاران".
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو دۆسییانەی پەیوەندییان بە گوزەرانی خەڵکەوە ھەیە، باس کران و بەردەوام کاری ھاوبەشمان ھەیە و ئەمجارەش کارمان کردوو کە کەسایەتییە چەپەکانیش بەشداری پێ بکەین.
باسنیوز
