مەسعوود حەیدەر: كوردستانیان خۆیان نەچەماند.. سەرۆك بارزانی دەرگا داخراوەكانی واڵا كرد
ڕاوێژكاری سەرۆك بارزانی، مەسعوود حەیدەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "گەلی كوردستان لەو چەند ساڵەی رابردوودا بەرگەی ناخۆشترین قۆناغی ژیانی گرت و خۆی نەچەماندەوە، وەك نوێنەری كورد و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە ئاگاداری وەردەكارییەكانم، بنەمای خۆڕاگری ھەرێم لە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و ئیرادەی گەلی كوردستان و لێھاتوویی سەرۆكی حكوومەت نێچیرڤان بارزانی و تیمی حكوومەتەكەی سەرچاوەی گرتبوو، كە مەلەفی ئابوورییان بەدەستەوە بوو، كە بێگومان دەسپێكی چارەسەری كێشەی دارایی ھەرێم، لە سەردانەكەی سەرۆك بارزانیدا بوو بۆ بەغدا."
حەیدەر ئەوەشی خستە ڕوو: "سەبارەت بە داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، تەواوكاریی حكوومەتی پێشوو دەبێت و دەسپێكی قۆناغێكی تر دەبێت لە یەكڕیزیی ناوماڵی كورد و بووژانەوەی ئابووری و بنیاتنان و خۆشگوزەرانیی گەلی كوردستان، قۆناغی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و گەشەی ئابووری و بەھێزبوونی كورد لە بەغدا و یەكھەڵوێستیی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی بەغدا دەبێت، لە چوار ساڵی داھاتوودا، كاروانی بنیاتنان و گەشەی ئابووری و خزمەتگوزاری دەست پێدەكات".
ناوبراو گوتیشی: "بە سەركردایەتیی سەرۆكی كابینەی داھاتووی حكوومەت كاك مەسروور بارزانی و بە ھاوكاریی ھێزە سیاسی و بەشداربووەكانی حكوومەت و پشتیوانیی گەلی كوردستان، لابردنی پاشەكەوتی مووچە یەكەم ھەنگاوی ئەو قۆناغەیە كە سەرۆك بارزانی دەرگا داخراوەكانی بۆی واڵا كرد."
kdp-
