یەكێتیی وەبەرھێنەران: ١٠٠ملیاری دیكە بۆ وەبەرھێنەران خەرج دەكرێت

یەكێتیی وەبەرھێنەران: ١٠٠ملیاری دیكە بۆ وەبەرھێنەران خەرج دەكرێت
بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكێتیی وەبەرھێنانی كوردستان گوتی، لابردنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، جووڵەیەكی باش دەخاتە كەرتی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستاندا، چونكە جگە لەو ھەنگاوە، حكوومەتی ھەرێم بڕیاری داوە ١٠٠ملیار دینار بۆ وەبەرھێنان خەرج بكات.

بەشار عەلی ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لابردنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە، دەبێتە ھۆی ئەوەی دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستانیش زۆر باشتر بێت و دەبێتە ھۆی ئەوەی دۆخی وەبەرھێنانیش باشتر ببێت، چونكە خەڵكێكی زۆر قەرزداری وەبەرھێنەرانە و دەتوانن قیستەكانیان بدەنەوە، كە قیستەكانیان دایەوە، ئەو كات وەبەرھێنەرانیش كاری زیاتری وەبەرھێنان دەكەن".

عەلی گوتیشی: "لابردنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، كاریگەریی زۆر ئەرێنیی دەبێت و پڕۆژەی زیاتریش ئەنجام دەدرێن، چونكە حكوومەت جگە لە لابردنی پاشكەوتی مووچە، بڕیاری داوە كە پارەی بەغدا ھات، ١٠٠ملیار دیناری قەرزی وەبەرھێنەرانیش بداتەوە، ئەمەش ھەنگاوێكی زۆر باشە و جموجۆڵی زۆر باش دەكەوێتە كاری وەبەرھێنانەوە".

ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد، بڕیارە لەمساڵدا كۆمەڵێك پڕۆژەی نوێی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێن، چونكە لە زۆر شوێن وەبەرھێنەر پڕۆژەیان پێشكەش كردووە بۆ ئەوەی ئەنجامی بدەن و ھەر كاتێك پارە بێت، دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت.
kdp-
Top