پەرلەمانتارێك: لە ئایندەیەكی نزیكدا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ھەڵده‌بژێردرێ

پەرلەمانتارێك: لە ئایندەیەكی نزیكدا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ھەڵده‌بژێردرێ
ھەوڵەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ ھەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان و ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم لەنێو پەرلەماندا بەردەوامن، ئەندامێكی لیژنەی یاساییش دەڵێ، لە ئایندەیەكی نزیكدا سەرۆكی ھەرێم لەنێو پەرلەماندا ھەڵدەبژێرن.

لەوبارەیەوە، روبینا تیاری، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد: "بڕیارە لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی كوردستان پرسی ھەڵبژاردنەكانی لیژنەكان و ھەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان یەكلا بكاتەوە، بەڵام ھەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان پێویستی بە كۆدەنگیی لایەنەكان ھەیە، چونكە پێشتر دەستەڵاتەكانی سەرۆكی ھەرێم بەسەر پەرلەمان و سەرۆكوەزیران و ئەنجوومەنی دادوەریدا دابەش كراون".

گوتیشی: "ئێستا لیژنەی یاسایی سەرقاڵی ئامادەكاریی پڕۆژەیاسای نوێیە بۆ ھەمواری یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان ژمارە یەكی ساڵی ٢٠٠٥، من پێشبینی دەكەم لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا كۆدەنگی لەسەر بكرێت و سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەنێو پەرلەمان ھەڵبژێرین".

لەبارەی رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانیش بۆ سەرۆكایەتیی ھەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران، تیاری گوتی: "پۆستی سەرۆكوەزیران و سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پشكی پارتین و كاندیدانی پارتی دیاری كراون، لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی پەرلەمان پێشتر رێككەوتن ئەنجام دراوە كە جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیش بە بزووتنەوەی گۆڕان و جێگری سەرۆكوەزیرانیش بە یەكێتی بدرێت، باوەڕ ناكەم ھیچ ئاستەنگێك بێتە پێش و بە بێ كێشە ھەڵدەبژێردرێن".
kdp-
Top