ئەڵمانیا لە هاوكاری و پاڵپشتییەكانی بۆ گەل و حكوومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێشوازیی لە شاندێكی دەزگای لێكۆڵینەوەی كۆنارد ئادێناوەر ستیفتۆنگ كرد، كە دەزگایەكی لێكۆڵەرەوەی دیار و كاریگەرە لە ئەڵمانیا، شاندەكەش پێك هاتبوو لە گریگۆر یاكی، بەرپرسی بەشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، سابینا ئاڵتزاخ، بەرپرسی بەشی عێراق و سووریا لە دەزگای ناوبراودا.
لە كۆبوونەوەكەدا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، سوپاسی حكوومەت و ڕاوێژكاری ئەڵمانیای كرد بۆ هاوكاریكردنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بەردەوامیی مەشقكردن بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و، پێشكەشكردنی چارەسەر بە پێشمەرگە بریندارەكان و كردنەوەی نەخۆشخانەی پێشمەرگەی لە لایەن حكوومەتی ئەڵمانیاوە بەرز نرخاند.
سیوەیلی، داوای لە شاندی میوان كرد كە هەوڵی خۆیان بدەن لەپێناو مانەوەی هێزەكانی ئەڵمانیا لە كوردستان و بەردەوام بن لە مەشق و ڕاهێنانی هێزەكانی كوردستان و عێراق. لە درێژەی ئەو دیدارەدا باسی دواپێشهاتە سیاسی و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەی بۆ شاندی میوان خستە ڕوو.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە، مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانانی لە عێراق بە گرنگ زانی، لەبەر ئەوەی هێزەكانی عێراق ئێستا توانای پاراستنی عێراق و عێراقییەكانیان نییە، بۆیە مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان هاوكار دەبێت بۆ ڕێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی گرووپە توندڕۆكان.
هۆشیار سیوەیلی، ئاماژەی بەوە دا كە تاكو ئێستا هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەكان ماون، بۆ كۆتاییھێنان و لاوازكردنیشیان، پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتر پێشكەش بكات، بە تایبەتی لەو ناوچانەی كە وێران بوون و دانیشتووانەكەیان ئاوارەن، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی ھەرێم و فیدراڵدا بۆ ئاوەدانكردنەوە و پاراستن و ئاسایشی ئەو ناوچانە، كە هەنگاوی سەرەتایی دەبێت بۆ هاندانی ئاوارەكان تاكو بگەڕێنەوە شۆێنەكانی خۆیان.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، باسی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی كرد و بە پەیوەندیی باش وەسفی كردن و ڕایگەیاند، لە قوناغی ئێستادا تێگەیشتنی باش هەیە لە لایەن سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ بۆ مافەكانی گەلی كوردستان.
دەربارەی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمیش، سیوەیلی دووپاتی سیاسەت و هەڵوێستی جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتیی كردەوە لە یەكدەنگیی كوردستانیان و پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێزی هەرێم، كە لە ئاستی چاوەڕوانی و داخوازییەكانی گەلی كوردستاندا بێت.
گرێگۆر یاكی، سەرۆكی شاندەكە، بە ناوی دەزگای كۆنارد ئادێناوەر ستیفتۆنگ و هاوەڵەكانییەوە سوپاسی ئەو پێشوازییە و ڕەخساندنی ئەو دیدارەی كرد و ڕایگەیاند، حكوومەتی هەرێم ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە تێكشكاندنی تیرۆریستان و حەوانەوەی ئاوارەكان، ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر ئاسایشی جیھان و ئەورووپا بەگشتی و ئەڵمانیا بەتایبەتی.
گوتیشی، حكوومەتی ئەڵمانیا لە گرنگیی هاوكارییەكانی بۆ كوردستان تێدەگات، بۆیە بەردەوام دەبێت لە هاوكاری و پاڵپشتییەكانی بۆ گەل و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان.
یاكی باسی گرنگیی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە و كوردستانی بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهانی ئازاد و ئەورووپا كرد و دەشڵێ، گرنگە یەكێتیی ئەورووپا و وڵاتانی جیھان بەردەوام بن لە پاڵپشتی و هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان. لە كۆتاییشدا هەردوولا ئەم جۆرە دیدار و گفتوگۆیانەیان بە پێویست زانی.
جێگای باسە، دەزگای كۆنارد ئادێناوەر ستیفتۆنگ، یەكێكە لە دەزگا كاریگەرەكانی سیاسەتی پارتی كریستیان دیموكراتی ئەڵمانیا، كە ئێستا پارتی حوكمڕانە لەو وڵاتەدا.
kdp-
