موئەیەد تەیب: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی وای کرد لایەنە سیاسییەکان ڕێککەون

موئەیەد تەیب: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی وای کرد لایەنە سیاسییەکان ڕێککەون
سیاسەتمەداری کورد گوتی، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بووەتە ھۆی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا، چونکە سەرۆک بارزانی پێگەیەکی بەھێزی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و نێودەوڵەتییش ھەیە.

سیاسەتمەداری کورد، موئەید تەیب، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەردەوام ڕۆڵی کەسایەتییە گەورەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کاری زۆر گەورەیان لێ بەرهەم هاتووە و سەرۆک بارزانی، ئەو کەسایەتی و کاریزمایەیە کە لە ھەرێمێکی بچووک کاری گەورەی کردووە و لە ساڵی ١٩٩١ـوە تاوەکو ئێستا بە خەبات و ڕۆڵی خۆی توانیویەتی نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و نێودەوڵەتییشدا کاریگەریی زۆری ھەبێت، چونکە توانیویەتی پەیوەندی لەگەڵ ھەموو وڵاتانی زەبەلاحی وەکو ئەمەریکا و ڕووسیا و ئەورووپا دروست بکات و سەردانی ھەر وڵاتێکیشی کردبێت، وەکوو سەرۆکی دەوڵەت پێشوازیی لێ کراوە."

ئەو سیاسەتمەدارە گوتی: "ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەمیشە پڕکێشە بووە و ھەرکاتێک کێشەیەک ھەبووە سەرۆک بارزانی مەرجعێک بووە بۆ وڵاتانی ئەورووپا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەم سەرکردە گەورەیە لە ھەر پۆستێکدا بێت شوێنی تایبەتی خۆی ھەیە بۆ خزمەتکردنی وڵاتی خۆی و ڕەخساندنی ئاشتی."

موئەیەد تەیب دەڵێت: "سەردانی ئەم دواییەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بووە ھۆی ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ بەغدا بکاتەوە و پەیوەندییەکان ئاسایی بکات و کێشەکان چارەسەر بکرێن، چونکە ھەرێمی کوردستان کەوتبووە ناو قەیرانێکی گەورەوە، بەڵام ئێستا ئاسۆی نوێ بۆ ھەرێمی کوردستان بوونەتەوە، بۆیە قۆناغی داھاتوو دەبێتە قۆناغی ڕێککەوتن لە نێوان ھەرێم و بەغدا و پێگەی ھەرێمی کوردستان زۆر بەھێز دەکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش."

تەیب گوتیشی: "بۆ بەغدا دیار کەوتووە کە بەبێ ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەک چارە ناکرێت و ناتوانن ھیچ ھەنگاوێک بنێن و ناتوانن ئیدارەی عێراق بکەن."

ئەو سیاسەتمەدارە ڕوونیشی کردەوە: "ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بووەتە ھۆی ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم لە نێوخۆیاندا بگەنە ڕێککەوتن و پەیوەندیی ھەرێم و بەغداش باشتر بن، بۆیە وردە وردە بەرھەمی سەردانی سەرۆک بارزانی بەدیار دەکەون، چونکە پێگەیەکی بەھێزی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و نێودەوڵەتی هەیە."
kdp-
Top